وەزیری دارایی كۆمەڵە بڕیارێكی نوێی دەركرد

:: PM:01:25:17/01/2021 ‌
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵە بڕیارێكی بۆ فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەی دەكرد كە تایبەتە بە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.

پابەندی كاتی وەڵامدانەوەی نووسراوەكان بن.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی كانوونی دووەم، لە نووسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بۆ سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و نەهێشتنی ڕۆتین، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەوەزارەتمان دەكەینەوە، پابەندی كاتی وەڵامدانەوەی نووسراوەكان بن.

وەزیری دارایی ڕوونی كردووەتەوە، پێویستە ئەو نووسراوانەی كە ئاسایین و هیچ كەموكوڕییان نییە و مامەڵەی ئاسایین، لە هەمان ڕۆژ وەڵام بدرێتەوە، هەروەها ئەو نووسراوانەی پێویستیان بە وردبینی زیاترە، لە ماوەی پێنج ڕۆژی كاركردن وەڵام بدرێنەوە.

لە فەرمانەكەدا باسی لەوەش كردووە، ئەو نووسراوانەی كە لە سەرەتاكان "أولیات" كەموكوڕیان هەیە یان هەر كێشەیەكی تریان هەبێت، لە ماوەی حەوت ڕۆژی كاركردن، وەڵام بدرێنەوە، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەری مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد