فڕەنسا لە ئەگەری دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكی هۆشداری دەدات و دەڵێ، كاتی ئەوە هاتووە بە ئێران بگوترێ ئیتر بەسە و بە پێویستیشی زانیوە ئێران و ئەمەریكا بگەڕێنەوە سەر رێككەوتنی ناوكی كە لە ساڵی 2015 واژوو كرا.
ژان ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا پێی وایە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ناوكیش ناتوانێ هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكو پێویستی بە دەستپێكردنی چڕی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێراندا هەیە و دەبێ سەرجەم هەنگاوەكانی ئاڵۆزتركردنی تەناهی ناوچەكە و پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیك و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێی بوەستێنرێت.
لە ماوەی رابردوو ئێران دەستی بە پەرەپێدانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20% كردووە
لۆدریان هۆشداری ئەوەی داوە ئێران خەریكە دەستی بە چەكی ناوكیی رادەگات، بۆیەش دەبێ ئەو پرسە بە بایەخەوە سەیر بكرێت. بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، ئەو لەكاتێكدا ئەو قسانە دەكات كە لە ماوەی رابردوو ئێران دەستی بە پەرەپێدانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20% كردووە و مەرجەكانی رێككەوتنی ناوكیی ساڵی 2015ی پێشێل كردووە.
وەزیری دەرەوەی فڕەنسا هاوكات رەخنەی لە ئیدارەی ترەمپیش گرت كە لە ساڵی 2018ەوە لە رێككەوتنی ناوكی هاتە دەرەوە، دەستی بە سیاسەتی سەپاندنی زۆرترین سزا و گوشارەكان كرد كە ئەنجامەكەی تەنیا پەرەسەندنی توندوتیژی و هەڕەشە و مەترسییەكان لە ناوچەكە بووە، بۆیەش كاتی ئەوە هاتووە ئەم جۆرە سیاسەتە هەر چی زووە بوەستێنرێت، چونكە ئێران خەریكە تواناكانی خۆی لە بواری چەكی ناوكیی پەرە پێ بدات.
ئێران خەریكی دامەزراندنی دامەزراوەیەكی نوێی ناوكییە لە نزیك وێستگەی نەتەنز.
دامەزراوەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمەریكا بە پشتبەستن بە كۆمەڵێك وێنەی مانگی دەستكرد بڵاوی كردەوە، ئێران خەریكی دامەزراندنی دامەزراوەیەكی نوێی ناوكییە لە نزیك وێستگەی نەتەنز.
ئامانجی سەرەكی رۆژئاوا لە رێككەوتنی ناوكیی لەگەڵ ئێران ئەوە بوو كاتی بەردەست بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی، بگەیەنێتە یەك ساڵ. بەڵام دوای ئەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی هاتە دەرەوە، ئێران بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی ئەنجامی داون، كاتی دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ناوكیی بۆ كەمتر لە ساڵێك كەم كردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ئاماژەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران كرد كە كەمتر لە شەش مانگی ماوە دەست پێ بكات و گوتی، پێویستە بە ئێرانییەكان بگوترێ ئیتر بەسە و تاران و واشنتنیش بۆ رێككەوتنی ناوكی بگەڕێنرێنەوە.
جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمەریكا كە لە 20ی مانگەوە بە فەرمی دەسەڵات وەردەگرێت، گوتوویەتی ئەگەر ئێران بە تەواوی بەڵینەكانی رێككەوتنی ناوكیی جێبەجێ بكات، ئەوا ئەمەریكاش بۆ هەمان رێككەوتن دەگەڕێتەوە. ئێرانیش لە بەرانبەردا ئەوەی كردووەتە مەرج كاتێك رێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجێ دەكات كە ئەمەریكاش سزاكانی سەر ئێران لابەرێت.
رێككەوتنی ناوكیی، هەرگیز ناتوانێ رێگری لەوە بكات ئێران دەستی بە چەكی مەترسیدار رانەگات
دۆناڵد ترەمپ پێی وابووە رێككەوتنی ناوكیی، هەرگیز ناتوانێ رێگری لەوە بكات ئێران دەستی بە چەكی مەترسیدار رانەگات، بۆیەش لە 2018 لە رێككەوتنەكە كشایەوە و قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.
پرسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ساڵی 2020 هۆكاری سەرەكی بوو لەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ساڵەكە بدۆڕێنێت و نەتوانێ ئەو پلانە كۆتایی پێ بهێنێت كە دوو ساڵ بوو دەستی پێ كردبوو. ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا سەربكەوتایە، ئەوا پرسی ناوكیی ئێران بە جەنگ یان بە ئاشتی یەكلا دەبووەوە.
ماوەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی دا، ئەوەی ئێران لەمدواییانەدا دەستی بۆ بردووە، تەنیا جێی نیگەرانی ئەمەریكا نییە، بەڵكو تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران كردووە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك لە داهاتوودا گوشارەكان بۆ سەر ئێران زیاتر پەرە بستێنن. هاوكات گوتوویەتی وڵاتێك كە بە پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی هەژمار دەكرێت، نابێت لە هیچ ئاستێكدا لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، سەرجەم بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران كە مادەیەكی سەرەكییە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی، لە ماوەی 15 ساڵدا بە رێژەی 98% كەم دەكرێتەوە و تەنیا 300 كیلۆگرامی لێ دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا ئێران بۆی هەیە لە ئاستی 3.67% یۆرانیۆم بپیتێنێت.
بە نهێنی پەرەی بە چالاكییەكانی داوە
ئێران جگە لەوەی كە بەشێك لە مەرجەكانی رێككەوتنی ناوكیی بە ئاشكرا پێشێل كردووە، هاوكات بە نهێنی پەرەی بە چالاكییەكانی داوە و لە چەند ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بەڵگە دەست ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەوتوون، دەیسەلمێنن ئێران ئامانجیەتی ببێتە خاوەنی چەكی ناوكی، ئەمەش بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی زۆر مەترسیدارە و تەنانەت ئەو وڵاتانەش كە پێوەندییان لەگەڵ ئێران خۆشە، رازی نین ئێران بۆ وڵاتێكی ناوكیی بگۆڕێت.