ئه‌مڕۆ مانچیسته‌ر یونایتد ترس له‌ لیڤه‌رپوول بڵاوده‌كاته‌وه‌

:: PM:05:29:17/01/2021 ‌
ئه‌مڕۆ ئێواره‌ له‌ یاریی لووتكه‌ی پرێمه‌رلیگی ئینگلته‌را، هه‌ردوو یانه‌ی لیڤه‌رپوول و مانچێسته‌ر یونایتد له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئانفێڵد به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و یارییه‌كه‌ تایبه‌تمه‌ندی و بایه‌خی زۆری هه‌یه‌.

یارییه‌كه‌ له‌ گه‌ڕی 19ی خوله‌كه‌دا ده‌كرێت و سه‌عات 19:30 ده‌ست پێ ده‌كات.
یارییه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌ مانچێسته‌ر یونایتد دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، هاتووه‌ته‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌ و 36 خاڵی هه‌یه‌.

مانچێسته‌ر له‌وه‌ته‌ی كانوونی دووه‌می 2013ه‌وه‌ پله‌ی یه‌كه‌می پرێمه‌رلیگی نه‌گرتووه‌، كه‌ هه‌ر ئه‌و ساڵیش توانی نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ترسی له‌ لای هانده‌رانی لیڤه‌رپوول دروست كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ 10 یاریی رابردووی نێوانیاندا له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌كاندا، مانچێسته‌ر یه‌ك جار له‌ لیڤه‌رپوولی بردووه‌ته‌وه‌.

مان یونایتد ئێسته‌ له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزدایه‌ و ماوه‌ی 11 یارییشه‌ نه‌یدۆڕاندووه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا لیڤه‌رپوول، ئێسته‌ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌ و 33 خاڵی هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌و دوو یانه‌یه‌ یارییه‌كی دواخراویشیان هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان هه‌ردوو سوورپۆشه‌كه‌ی ئینگلته‌را، هێڵی پیشه‌وه‌ی هه‌ردوو تیپه‌، كه‌ له‌ لیڤه‌رپوولدا گۆڵكارانی وه‌ك سادیۆ مانێ و محه‌مه‌د سه‌ڵاح یاریی ده‌كه‌ن و له‌ پێكهاته‌ی مان یونایتدیشدا، هه‌ردوو هێرشبه‌ر راشفۆرد و برۆنۆ فێرناندێز هه‌ن.

هه‌ردوو تیپیش تا ئێسته‌ زۆرترین گۆڵیان له‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگدا تۆمار كردووه‌، لیڤه‌رپوول 37 گۆڵ و مان یونایتد 34 گۆڵ.

هاوكات یارییه‌كی تریش له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆی پرێمه‌رلیگدا ده‌كرێت، كه‌ گرنگیی خۆی هه‌یه‌، كاتێك مانچێسته‌ر سیتی له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر كریستاڵ پاڵاس یاریی ده‌كات.

یارییه‌كه‌ سه‌عات 22:15 خوله‌ك ده‌ست پێ ده‌كات و مان سیتی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات، بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و له‌ولاشه‌وه‌ یاریی نێوان لیڤه‌رپوول و مان یونایتد به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی خۆی له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌دا باشتر بكات.





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا