كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەفەرمی پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردن دەكات

:: PM:07:08:17/01/2021 ‌

دوای كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتی و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، كۆمسیۆنەكە رای گەیاند كە ناتوانن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە ببەن، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردن بەفەرمی وادەیەكی نوێی بۆ ئەنجادانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ حكوومەت پێشنیاز كرد.  
درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكان پێویست بە دواخستنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات
بەپێی راگەیندراوێكی كۆمسیۆنەكە كە ئەمڕۆ 17ی كانوونی دووەم هاتە بڵاوكردنەوە و واژووی جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی لەسەرە، هاتووە، بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاز، وەك سووربوونێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە و بەهۆی كۆتاهاتنی وادەی دیاریكراو بۆ تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان و بەهۆی كەمی قەوارە تۆماركراوەكان، ئەوە پێویست بە درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردن دەكات.

زیاتر هاتووە، هەروەها بۆ رەخساندنی بواری زیاتر بۆ بەشداریكردنی شارەزایانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە، هەروەها بۆ تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتری و تەواوكردنی پێویستییە تەكنیكییەكانی تر، كە درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكان پێویست بە دواخستنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات، بۆیە بەپێداچوونەوە بە خشتەی كاتی پێشووی راگەیەندراوی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی كۆمسیاران بەپێی بڕیاری ژمارە (1)ی لە 17/1/2021 بڕیاری دا بە پێشنیازكردنی 16/10/2021 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل