ئیخڵاس دلێمی: پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عێراق كاتی زۆر دەوێت

:: PM:09:14:17/01/2021 ‌

ئێستە عێراق لە تەنگژەیەكی سەختی دارایی و ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، هاوكات پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە پەرلەمانە و لەلایەن لیژنەی داراییەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، ئەندامێكی لیژنەكە هەنگاوەكانی گفتوگۆكردن و كێشە و گەندەڵییەكانی ناو پڕۆژەكە باس دەكات.

ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" پەردە لەسەر گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت لادەدات و دەڵێت، یەكەمجارە وەك لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەوشێوەیە بەدواداچوون بكرێ و لە وەزارەتەكان بكۆڵێتەوە.
جیاكاری و گەندەڵێ گەورە هەیە بەتایبەتی لەنێوان وەزارەتە تەناهی و خزمەتگوزارییەكانەوە
دلێمی لەبارەی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەوە گوتی، پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵ كاتی زۆر دەوێت، بۆیە لیژنەی تایبەتیمان بۆ بەدواداچوونی كاری وەزارتەكان و ژمارەی مووچەخۆرانیان پێك هێنا، هەروەها بەراوردكاری لە دابینكردنی بودجە و مووچە بۆ وەزارتەكان دەكەین، روونی كردەوە، جیاكاری و گەندەڵێ بەشێوەیەكی گەورە هەیە و دیارە، بەتایبەتی لەنێوان وەزارەتە تەناهییەكان و وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە.

لەبارەی كاری لیژنەكەیان روونی كردەوە، ئەندامانی لیژنەكەمان بەدواداچوون لەگەڵ وەزارەتەكان دەكەن، بەجۆرێك هەر دوو ئەندام لەگەڵ وەزارەتێك، ئەمڕۆ یەكشەم لیژنەكەمان پێكهێناوە و رای هەموو ئەندامی وەك یەك لەسەرە بێ جیاوازی، تایبەت بە وەزارتەكانی حكوومەتی فیدراڵ، ئێمە لە كاری خۆمان ناوەستین وەڵامی حكوومەت هەرچییەك بێت.

لەبارەی سوودی ئەو كارەیان بۆ كورد و پێكهاتەكانەوە، دووپاتی كردەوە كە بەڵێ سوودی دەبێت، بۆ نموونە بودجەی تەرخانكراوی هەر وەزارەتێك لە حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ژمارەی فەرمانبەران نییە، چونكە ناوی نادیاری زۆر هەیە، بەتایبەت لە وەزارەتی بەرگری و ئەو هێزە نوێیانەی بەمدوایانە دامەزران و خرانە سەر وەزارەتی بەرگری وەك حەشدی شەعبی، ئاماژەی كرد، هیودارین باری سەر شانی گەلانی عێراق بە هەموو نەتەوەكانەوە كەم بكەینەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل