سركەی سێوی خۆمالی چەوری لەش دەسووتێنێت

:: PM:01:57:23/02/2017 ‌
سركەی سێو  بۆ ئەوەی تام و چێژێكی تایبەت لە خواردنەكان هەبێ، لە دروستكردنی زۆر خواردندا بەكاردەهێنریت، بەڵام جگە لەوەی تامێكی تایبەتی هەیە لە بواری تەندروستیدا زۆر سوود بە لەش دەگەیەنێت و زۆر جار وەكو چارەسەری نەخۆشی سوودی لێ وەردەگیردرێت. 

زانایانی ژاپۆن توێژینەوەیان لە كاریگەری سركەی سێو لەسەر چەوی نێو جەستەی مرۆڤ كرد و 175 كەسیان بەسەر دوو گرووپدا دابەش كرد، بەشێكیان ریجیمیان پێ كرا لە ڕێی سركەی سێوەوە، بەشێكی تریش بە جۆر و شێوازی تر و بەبێ سركەی سێو ریجیمیان پێ كرا، لە كۆتاییدا دەركەوت ئەو كەسانەی لە ریجیم كردندا سركەی سێویان خواردووە بە ڕێژەیەكی زۆر كێشیان كەم بووەتەوە بە بەراورد بەو كەسانەی كە هیچ سركەیان بەكارنەهێنابوو. لە كۆتای تاقیكردنەوەكەدا توێژەران گەشتن بەو ئەنجامەی كە سركەی سێو یارمەتی توانەوەی چەوری دەدات لە خانەكانی لەشدا و چالاكی خانەكان زیاد دەكات بەمەش توانەوەی چەوری لەش زیاتر دەبێت.

سركەی سێو ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت، ئەمەش بە گوێرەی ئەو تاقیكردنەوەییەی كەلە لایەن بەرێوەبەری زانكۆی نێودەوڵەتی بەرنامەی خۆراكپێدان ئەنجام دراوە و د. كارۆل جۆنسن توێژینەوەكانی ئەنجامدا و  ئەوەی دۆزییەوە كە سركەی سێو رێگە لە هەرسكردنی نیشاستە دەگرێت كە ئەم نیشاستەیە بەسەرەكیترین هۆكار دادەنرێت بۆ دروست بوونی نەخۆشی شەكرە. 

پزیشكەكە دەڵێ، سركەی سێو ترشی ئەنتی گلیسمیكی تێدایە كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر لەش هەیە،  زۆرێك لە ئێمە سركەی سێو لە ماركێت یان لە بازارەكاندا دەكڕین. بەڵام دروست كردنی ئەم سركەیە یەكجار سادە و ئاسانە كە دەتوانرێت بە ئاسانی لە ماڵەوە دروستی بكەن. لێرەدا  چۆنیەتی دروست كردنی سركەی سێو هەنگاو بە هەنگاو دەخەینە روو.

پێویستییەكان، بۆ دروستكردنی سركەی سێو پێویستە   شەش تا هەشت  سێو كەرت دەكەین و توێكڵ و تۆوەكەی لێ بكەنەوە و ئامادەی بكەن، هەروەها دوو كەوچك هەنگوین و ئاوی پێویست بۆ داپۆشینی سێوەكان ئامادە بكەن.

ڕێنماییەكان
* ناوكی سێوەكە لەگەڵ توێكلەكەی دەكەینە پەرداخێك یان قاپێكی گەورەوە.

* پاشان ئەو قاپەی كە توێكڵ و ناوكەكانمان تێكردووە پڕی دەكەین لە ئاو تا ئەو ئاستەی كە سێوەكان دادەپۆشێت.

* هەنگوینەكەی تێ دەكەین و ڕایدەوەشێنین یان تێكی دەدەین، بۆ ئەوەی هەنگوینەكە لە گیراوەكەدا بڵاو ببێتەوە.

* پاشان سەری قاپەكە بە پارچە كاغەزێك توند دەبەستین.

* وازی لێ دێنین تا بۆ ماوەی دوو هەفتە بەم شێوەیە بێت.

* پاش دوو هەفتە توێكل و ناوكی سێو لە گیراوەكە دەردێنین واتە بەس ئاوەكەی دەمێنێتەوە.

* ئەو ئاوەی كە ماوەتەوە لە قاپەكەدا دایدەپۆشین و رۆژانە تێكی دەدەین تا چوار هەفتە تەواو دەكات.

دوای تەواو كردنی ئەو چوار هەفتەیە سركەكە ئامادە دەبێت بۆ بەكارهێنان.

سەرچاوە/getholistichealth



وشە - ئاوات ئازاد