یانه‌ی ئاتلێتیك بیلباو یاریی كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیای له یانه‌ی بارسێلۆنا برده‌وه و بۆ جاری سێیه‌م له مێژووی خۆیدا بووه پاڵه‌وان، لیۆنێل مێسییش به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه.
یاریی كۆتایی جامی سوپه‌ر ئه‌مشه‌و له شاری سێڤییا له نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید و بارسێلۆنا ئه‌نجام درا و تێیدا بیلباو دوای گه‌یشتن به كاتی زیادكراو، به ئه‌نجامی 3-2 گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا بارسێلۆنا له خوله‌كی 40 به گۆڵێكی گریزمان پێشكه‌وت، به‌ڵام له خوله‌كی 42دا ئۆسكار دی ماركۆس هه‌ر زوو ئه‌نجامه‌كه‌ی راست كرده‌وه.
له گێمی دووه‌مدا جارێكی تر بارسا له رێگه‌ی گریزمان له خوله‌كی 77 تیپه‌كه‌ی پێشخست و وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك له یارییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت، به‌ڵام بیلباو خه‌ونی گه‌وره‌تر بوو، خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌دا و له خوله‌كی 90دا ڤیلابێری كه وه‌ك یه‌ده‌گ به‌شداری له یارییه‌كه‌دا كرد، گۆڵی یه‌كسانبوونی تۆمار كرد، كه پێش ئه‌و گۆڵه‌ش لویس گارسیا گۆڵێكی تۆمار كرد، به‌ڵام ناوبژیوان به یارمه‌تی سیستمی ڤار ره‌تی كرده‌وه.
یارییه‌كه چووه كاتی زیادكراو و له خوله‌كی 94دا ئینیاكی ویلیامز به تۆپێكی زیره‌كانه گۆڵی سێیه‌م و بردنه‌وه‌ی بۆ بیلباو تۆمار كرد.
تیپه‌كه‌ی هه‌رێمی باسك به شێوه‌یه‌كی باش به‌رگری له ئه‌نجامه‌كه كرد و توانی ریمۆنتادا به‌سه‌ر بارسادا بكات.
له خوله‌كی 120یشدا وپێش فیكه‌ی كۆتایی، به‌هۆی به‌كارهێنانی توندوتیژی، لیۆنێل مێسیی ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می بارسا به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه و یارییه‌كه‌ش به سه‌ركه‌وتنی بیلباو به 3-2 گۆڵ كۆتایی هات.
ئاتلێتیكۆ بیلباو جاری سێیه‌مه ده‌بێته پاڵه‌وانی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، پێشتر له 1984 و 2015 نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ست هێناوه، كه جاری پێشووش له بارسای بردووه‌ته‌وه.
له كۆتاییدا جامی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه پێشكه‌شی یاریزانانی بیلباو كرا و ئینیاكی ویلیامز، یاریزانی ئه‌سمه‌ری بیلباو به باشترین یاریزانی یاریی كۆتایی دیاریی كرا و خه‌ڵاتێكی تایبه‌تی پێشكه‌ش كرا.