هێلكەی جوجك گرانە و جووتیارانی بێزار كردووە

:: AM:08:55:18/01/2021 ‌
جووتیارانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان لە گرانی نرخی هێلكەی جوجك بێزار بوونە، گرانبوونی نرخی دۆلاریش بۆ هەر هێلكەیەك 20 سەنتی زیاد كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم، عیماد هەمزە خاوەنی یەكێك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەولێرە، ئەو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گرانبوونی نرخی دۆلار و نزمبوونەوەی نرخی دینار، بارگرانی زۆری لەسەر جووتیارانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاد كردووە.

ئەو جووتیارە گوتی، پێشتر هێلكەی تایبەت بە جوجكە و دانانەوە لە مەقفەسەكان بە 20 بۆ 30 سەنت دەكڕان، ئێستە نرخی یەك هێلكە نزیك بووەتەوە لە 50 سەنت، ئەوەیش وایكردووە جووتیاران بەتەواوی بكەونە ژێر گوشار و نەتوانن وەك پێویست كارەكەیان بكەن.

پێویستە ڕێژەیەكی دیاریكراو ڕێ‌ بدرێت هێلكە بۆ هەرێمی كوردستان بهێنرێت.
حەیدەر فەرحان سەرۆكی ئەنجوومەنی پیشەسازی پەلەوەر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گرانبوونی هێلكە لە ئەنجامی بڕیاری عێراق بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆییە، هەروەها ئێستە هێلكە گران بووە، پێویستە ڕێژەیەكی دیاریكراو ڕێ‌ بدرێت هێلكە بۆ هەرێمی كوردستان بهێنرێت.

باسی لەوەش كرد، هێلكەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی جوجك بۆ مریشك زۆر كەم بووەتەوە و نرخیشی گران بووە، جووتیاران پێویستیان پێیە، بۆیە هیوادارین ڕێ بدرێت هێلكە لە وڵاتان بهێنرێتە كوردستان.

لە هەرێمی كوردستان و عێراق ماوەی شەش مانگە ڕێ‌ نادرێت هێلكە لە وڵاتان بهێنرێت، ئەوەیش بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، ئێستە كە كەمیش لە پێداویستی ناوخۆ هەیە و پێشتر هەشت هێلكە بە هەزار دینار بوو، ئێستە پێنج هێلكە بە هەزار دینارە.



وشە - رامیار جەواد