وەزارەتی رۆشنبیری بۆ پرسی باجی رێكلام لیژنەیەك پێك دەهێنێت

:: PM:04:22:18/01/2021 ‌
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای فەرمانەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێكخستنی باج، دەستی بە دانانی رێكارەكان كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی پێك هێناوە.

هەفتەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی رێكخستنی باج و دەرامەت، فەرمانێكی دەركرد كە كۆمەڵێك بڕیاری لەخۆ گرتبوو و دوو مانگیشی وەك مۆڵەت دەستنیشان كردووە تا لایەنە پێوەندیدارەكان رێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە بخەنەڕوو.

داوا کراوە میكانیزیمێكی گونجاو بەمەبەستی وەرگرتنی باجی شایستە لە بواری رێكلام لە كەرتی گشتی و تایبەتی دابنرێت


لە بڕیاری ژمارە 10ی فەرمانەكە، باس لەوە كراوە هەریەك لە وەزارەتەكانی گواستنەوە و گەیاندن، رۆشنبیری و لاوان، دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری و شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپاردووە بۆ دیاریكردنی بنەما و میكانیزیمێكی گونجاو بەمەبەستی وەرگرتنی باجی شایستە لە بواری رێكلام لە كەرتی گشتی و تایبەتی.

شێروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، فەرمانەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەوانیش گەیشتووە و هەر دوای دەرچوونی فەرمانەكەش، لیژنەی تایبەتیان بۆ پێكهێناوە بۆ ئەوەی بە وردی لێكۆڵینەوە  و بەدواداچوون بكەن، رێكاری پێویست بدۆزنەوە و بە راپۆرتێك ئەنجوومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار بكەنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان هاوئاهەنگی دەكەن


ئەو دەڵێت بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان هاوئاهەنگی دەكەن، هەرچەندە پرسی رێكلام لە هەرێمی كوردستان هێشتا كۆمەڵێك كێشەی تێدایە و هەڵگری كەموكورتییە.

شێروان عەبدوڵا روونی دەكاتەوە، داهاتی رێكلامی كۆمپانیاكان بە تەواوی دیار نییە و بەهۆی بێسەروبەری و نەبوونی یاسای پێویست و گونجاو، لەوانەیە بەشێك لە كۆمپانیاكان خۆیان لە ئاشكراكردنی داهاتی رێكلام بدزنەوە.

پێویستە بگوترێت لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری تەلەڤزیۆن و میدیا و دەزگای تایبەت بە رێكلام هەن كە سوود لە رێكلام وەردەگرن، لەو بڕە پارەیەی لە رێكلام دەستیان دەكەوێت، باج بە حكوومەت نادەن و داهاتی رێكلامەكانیشیان دیار نییە. دۆخەكە ئەوە دەخوازێت لە داهاتوودا حكوومەت بە سیستمێك زیاتر چاودێری ئەو كۆمپانیایانە بكات و بە رێژەیەكی دیاریكراو باجیان لێ بستێنێت، بەهۆیەوە سوود بە داهات و خەزێنەی گشتی حكوومەت بگات.

سیستمی باج و رسوومات لە هەرێمی كوردستان سیستمێكی نارێكخراو بووە
 

سیستمی باج و رسوومات لە هەرێمی كوردستان سیستمێكی نارێكخراو بووە و یەكێك لە پلانە سەرەكییەكانی كابینەی نۆ ئەوە بووە، چاكسازی لە سەرجەم كەرتەكاندا بكات و كەرتی باج و رسووماتیش لەو كەرتانە بووە كە خاوەنی كەم و كورتییەكی زۆر بووە، بە جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە وێڕای رێكخستنی ریشەییانەی كەرتەكە، داهاتێكی بەرچاویش بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەكرێتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و ئەگەر بەو رێكخستنانە داهاتی ناوخۆ پەرەی پێ بدرێت، ئەوا باری سەرشانی لە دابینكردنی بودجە و مووچە و گەیاندنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان سووكتر دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان