كەركووك.. گرووپە چەكدارەكان خاوە لە خەڵك دەستێنن

:: PM:06:37:18/01/2021 ‌

لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دۆخی كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئاسایی نییە، دوور لە دەسەڵاتی كورد كە بالانسی هێز و دۆخی تەناهی ئەو ناوچانەی راگرتبوو، ئێستە پێكهاتەكان، بەتایبەتی عەرەبی شیعە، سەرەڕای بوونیان وەك كەمینە، بەڵام بە پشتبەستن بە میلیشیاكانەوە خەریكی كاری پارەوەرگرتن و خاوە و سەرانەوەرگرتنن لە خەڵكەكە، هەموو ئەوانەیش لەبەرچاوی دەسەڵاتی ناوخۆیی پارێزگاكە روودەدات.

رێبوار تەها، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای كەركووك دەڵێت، گرووپە چەكدارەكان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا كار دەكەن، ئەندامانیان خاوە لە بازرگان و خاوەن دوكان و بەرژەوەندی وەردەگرن، ئەو دیاردەیەیش بەمدواییە دەركەوتووە و لە سەنتەری پارێزگاكە بڵاو بووەتەوە، كەسانێك بانگەشەی سەپاندنی یاسا دەكەن، بەڵام راستییەكە پێچەوانەیە.
كەركووك بووەتە بەرمیلێك تەقەمەنی و ئەگەری هەیە لەهەر ساتێكدا بتەقێتەوە
زیاتر گوتی، دیاردەی چەكداری لە شەقامەكانی كەركووك ئاماژەیەكی باش نییە و ناتوانرێ لە سایەی بوونیدا بۆ هەڵبژاردن بچین، بۆیە پارێزگای كەركووك بووەتە بەرمیلێك تەقەمەنی و ئەگەری هەیە لەهەر ساتێكدا بتەقێتەوە، بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیرانی عێراق گرنگی بەوە بدات كە لە كەركووك روودەدات و كێشەكانی چارەسەر بكات، هاوكات ئیدارەی كەركووكی بە ناراستگۆ و بێتوانا تۆمەتبار كرد و پێویستە سەرۆك وەزیران پشت بە كەسانیتر ببەستێ بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان، ئەگینا بەرمیلە تەقەمەنییەكەی كەركووك دەتەقێتەوە. 

پێشتر ژمارەیەك میدیای عێراقی لە خەڵكی كەركووكیان گواستەوە كە چەند كۆمپانیایەكی خەیاڵی سەر بە گرووپە چەكدارەكان لە كەركووك خاوە بەسەر خەڵكی پارێزگاكە دەسەپێنن، ئەوان لەژێر چەتری پاسەوانی شەوانە و پاراستنی موڵكوماڵی خەڵك و كۆكردنەوەی خاشاك كار دەكەن و بەزۆر پارە لە خەڵك وەردەگرن. 

لای خۆیەوە ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت، ئەوە كاتێك روودەدات كە دەوڵەت لاوازبێت، بۆیە ئێستە لەو ناوچانەی گرووپە چەكدارەكان تیایدا باڵادەستن، خاوە لە گەورە بازرگانەكان وەردەگیرێت، لاوازیی حكوومەت وای كردووە و بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای كەركووك و نەینەوا گوێبیستی وەرگرتنی سەرانە لە بازرگان و خاوەن دوكانەكان دەبین و ئەوان وا پێشان دەدەن سەر بە گرووپە چەكدارەكانن، لەوكاتەی حكوومەت تا ئێستە كەسی نەگرتوون.

شنگالی روونی كردەوە، كەسانێك هەن كە چەكی دەوڵەت بۆ سەپاندنی حاڵەتی بێدەوڵەتی بەكاردێنن، دووپاتی كردەوە، چارەسەری ئەوەیە هەموو گرووپەكان لە كەركووك دوور بخرێنەوە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بە هێزە فەرمییەكانی عێراق لە سوپا و پۆلیس بدرێت.

شایەنی باسە كەركووك لە دیارترین ناوچەی كێشەلەسەرە لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، كاتێك كەركووك و زۆرینەی ناوچە كێشەلەسەرەكان تا 2017 بەدەستی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بوو و ئەوكات جیا لەو سەقامگیرییەی لە رووی تەناهییەوە هەبوو، موڵكوماڵی خەڵكەكەیش پارێزراو بوو. 

بەمدواییە غەیس تەمیمی، سەرۆكی پارتی "مواتەنە"ی عێراقی رای گەیاند، دەستەی حەشدی شەعبی پاڵپشتی لە پارتی كرێكارانی كوردستان و رێكخراوەكانی سەر بەو حزبە لە ناوچەی دەشتی نەینەوا دەكات، ئەوان بەیەكەوە كوشتن و رفاندن و زەوتكردنی موڵكوماڵ و زەویوزاری خەڵك لە ناوچەكە ئەنجام دەدەن.

ئەو سیاسەتوانە وریایی لە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی لەو ناوچانە دا، ئەوەیش بە رەزامەندی حكوومەتی عێراق و دەست تێكەڵكردنی روونی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی مێژووییان لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەی شنگال و دەوروبەری واژوو كرد، كە یەكێكە لە ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان هەردوولا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزە چەكدارە نافەرمییەكان لەو ناوچەیە دوور دەخرێنەوە، هاوكات پۆلیسی ناوخۆیی دادەمەزرێ و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی دەكرێت. 

ئێستە گرووپە چەكدارە شیعەكان بوونەتە پشت و هاوكاری عەرەبی هاوردە، ئەوان لەسەر دژایەتیكردنی كورد رێككەوتوون، جەمال رەفیق، جووتیارێكی گوندی مامەیە دەڵێت، پێشتر خۆمان رووبەڕووی عەرەبی هاوردە دەبووینەوە، ئێستە میلیشیاكان بەهێزەوە پاڵپشتیان لێ دەكەن، كاتێك زیاتر لە 400 دۆنم زەوی گوندەكانی "مامە" و "عەلی غەیر"، دەستی بەسەردا گیراوە و لە ترسی حەشدی شەعبی ناوێرین وەریان بگرینەوە.

هاوكات لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وەك گەرمیان و گەرمەسێر و خورماتوو و كەركووك، میلیشیا شیعەكان و پەكەكە بە لێشاو مادەی هۆشبەر هاوردە دەكەن و گەنجان ئالودە دەكەن.

بۆیە لە كەركووك تاوانی میلیشیا و گرووپە چەكدارەكان بە سەرانەوەرگرتن ناوەستێت، ئەوان بازرگانی چەك و مادەی هۆشبەر دەكەن، فەلاح خەلیل، قایمقامی بە وكالەتی كەركووك دووپاتی دەكاتەوە ئەوان چاودێری بازگە سنوورییەكان دەكەن، بەڵام لەلایەن هێزی دەرەوەی كەركووكەوە مادەی هۆشبەر دەهێنرێتە شارەكە، ئەو بەبێ ناوهێنانیان پەنجەی تۆمەتی بۆ پەكەكە و هێزی تر درێژ كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل