بەغدا.. سێیەم تەقینەوە دوكانەكانی فرۆشتنی كحول دەكاتە ئامانج

:: PM:08:03:18/01/2021 ‌

بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان لە بەغدا هاووڵاتییەك بریندار بووە، لە سێیەم تەقینەوە كە ئەمڕۆ دووشەم چەند دوكانێكی فرۆشتنی مادەی كحولی كردووەتە ئامانج.

بەپێی سەرچاوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم تەقینەوەیەك دوكانێكی فرۆشتنی خواردنەوەی كحولی لە ناوچەی سەیدییە لە باشووری بەغدا كردە ئامانج، و بەهۆی تەقینەوەكە هاووڵاتییەك بریندار بووە، هێزە تەناهییەكان گەیشتووەنەتە شوێنەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و بریندارەكەیان گواستووەتەوە نەخۆشخانە.

هەر بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان ئەمڕۆ دووشەم دوو تەقینەوەی تر دوكانی فرۆشتنی مادەی كحولی لە هەردوو ناوچەی گۆڕەپانی ئەندەلوس و گەڕەكی جامیعە لە نزیك تونیڵی شورتە كردە ئامانج، بێ ئەوەی زیانی گیانیان لێ بكەوێتەوە.

شایەنی باسە بەمدواییە هەڵمەتێك بۆ سەر دوكانەكانی فرۆشتنی خواردنەوەی كحولی لە بەغدای پایەتەخت دەستی پێ كردووە، كە زیاترینیان لەلایەن ئێزیدی و كریستیانەكانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەوان گرێبەستی فرۆشتنی ئەو خواردنەوانەیان پێ دراوە.

تا ئێستە هیچ گرووپێك بەرپرسیارەتی خۆی یان ئامانج لەو كارەی رانەگەیاندووە، لەوكاتەی چاودێران پێیان وایە بابەتەكە پێوەستە بە گوشار خستنە سەر ئەو دوكانانە بۆ پێدانی پارە بە گرووپە چەكدارەكان بۆ پاراستنیان و هێشتنی كاركردنیان، كۆتایی ساڵی رابردوو گرووپی "رەبعەڵا"ی شیعە بەرپرسیارەتی خۆی لە هەڵكوتانە سەر سەنتەرێكی مەساج لە بەغدا راگەیاند و ڤیدیۆكەیشی بڵاو كردەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل