قەربووی مادەی 140 لە بودجەی عێراق كەمە و كورد رەخنەی لێ دەگرێت

:: PM:08:24:18/01/2021 ‌

ئێستە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هاوكات یەكێك لە كێشەكانی ناو پڕۆژەكە بڕی تەرخانكراوی پارەی قەرەبووی مادەی 140ی لە بودجەكە دیاری كراوە،  كە زۆر كەمە و جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ بودجەی ساڵی 2019 هەیە، بۆیە كورد رەتی دەكاتەوە .
لە كەركووك و دیالە زیاتر لە 30 هەزار خێزانی كورد قەربوویان وەرنەگرتووە
 دیلان غەفوور، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی یەكێتی نیشمانیی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2021، تەنیا 12 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ قەربووكردنەوەی ئەو خێزانانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە تەرخان كراوە.

 زیاتر گوتی، ئەو پارە كەمە و بەشی قەربووكردنەوەی ئەو خێزانانە ناكات كە مامەڵەی مادەی 140یان كردووە و چاوەڕوانی قەربووكردنەوەن بۆ ئەوەی هەر خێزانێك بڕی 10 ملیۆن دینار وەك قەربوو  وەربگرن.

 ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەیش كرد، لە بودجەی ساڵی 2019دا بڕی 50 ملیار دینار بۆ قەربووی ئەو مادە دەستوورییە تەرخان كرا، هەرچەند كورد لێی سوودمەند نەبوو، روونی كردەوە، بە نووسراو لە رێگەی لیژنەی داراییەوە رەخنەمان لە دیاریكردنی ئەو بڕە پارە كەمە گرتووە كە بەشی هیچ ناكات.

هاوكات خەلیل رەئووف، نوێنەری ئاوارەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بە پشتبەستن بە ئاماری نووسینگەكانی مادەی 140 و  فۆرمی خۆراك، بە"وشە"ی گوت، تەنیا لە سنووری كەركووك و دیالە زیاتر لە 30 هەزار خێزانی كورد تا ئێستە قەربووی مادەی 140یان وەر نەگرتووە .

 زیاتر گوتی، سەتان خێزانی عەرەبی هاوردە سەرباری قەرەبووكردنەوەیان بە 10 ملیۆن دینار، كەچی لەپاش رووداوەكانی 17ی ئۆكتۆبەرەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان و لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە پاڵپشتیان لێ دەكرێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل