مەسعوود حەیدەر: عێراق سەقامگیر نابێت تا كێشەكانی لەگەڵ كورد چارەسەر نەكات

:: PM:09:46:18/01/2021 ‌

مەسعوود حەیدەر، راوێژكاری سەرۆك بارزانی دووپاتی دەكاتەوە كە عێراق سەقامگیر نابێت تەنیا بە چارەسەركردنی سێ كێشە لەگەڵ كورد نەبێت، ئەو دووپاتی كردەوە كە نەوت هی هەموو گەلی عێراقە و كوردیش بەشێكە لەو گەلە و مافی لە خێروبێری عێراق هەیە.
بەپێی دەستوور نەوت هی هەموو گەلی عێراقە و كوردیش بەشێكی ئەو گەلەن
حەیدەر لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە 2003ەوە، 1200 ملیار دۆلار هاتووەتە ناو گەنجینەی دەوڵەت، كەچی تا ئێستە هاووڵاتی عێراق بێ كارەبا و ئاوە و چەندان كێشەی گەورەی سیاسی لەنێوان پێكهاتەكاندا هەن، كە هێزەكانی دەسەڵات لێی بەرپرسیارن.  

زیاتر گوتی، پەیامم بۆ حزبە شیعەكانی دەسەڵات ئەوەیە، ئێمە لە سەروبەندی هەڵبژاردنین و پێویستە بەرپرسیارەتی دانانی نەخشەرێگایەكی نیشتمانی بگرنە ئەستۆ، كە هەموو پێكهاتەكان لەسەری رێكبكەون بۆ چارەسەركردنی كێشە نەوتی و دارایی و دۆسیەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەگەڵ كورد، چونكە مێژوو بەزەیی بەواندا نایەتەوە. 

حەیدەر روونی كردەوە، بەردەوامبوونی كێشەی كورد لە عێراق، لەوانەیش ئەو سێ كێشەیە و خواردنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان، واتە عێراق سەقامگیر نابێت، ئەو ئاماژەی كرد، دوای 17 ساڵ لە گۆڕانكاری، هیچ دامەزراوەیەك بنیات نەنرا یان یاسایەك دەرنەكرا گرێ كوێرەكان بكەنەوە، بەرپرسیارەتییەكەیش لەئەستۆی شیعەیە، چونكە دەسەڵات بەدەستی ئەوانەوە بووە. 

حەیدەر داوای لە هێزە سیاسییەكانی عێراق كرد كە لە بەكارهێنانی كارتی مووچەی هەرێم وەك كارتێكی هەڵبژاردن بوەستن، چونكە مووچە مافی خەڵكە و ئەوانیش عێراقین، بەپێی دەستووریش نەوت هی هەموو گەلی عێراقە و كوردیش بەشێكی ئەو گەلەن و مافیان هەیە لە خێرەكەی بەشدار بن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل