ئێران: توركیا سپڵه‌یه‌ شه‌وی كۆده‌تا خه‌و نه‌چووه‌ چاومانه‌وه‌

:: PM:03:27:23/02/2017 ‌
توركیا و ئێران له‌ لێدوانه‌ تونده‌كانیان دژی یه‌كتر به‌رده‌وامن و له‌ دوایین لێدوانی جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر توركیا و به‌ سپڵه‌ ناوی هێناوه‌. وه‌زیری ده‌ره‌وی ئێران گوتوویه‌تی توركیا زۆر سپڵه‌یه‌ ئه‌و شه‌وه‌ی كۆده‌تا كرا، خه‌و نه‌چووه‌ چاومانه‌وه‌.

جه‌واد زه‌ریف بۆ رۆژنامه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی به‌رپرسانی توركیا و سعوودیه‌ له‌ كۆنفرانسی میونشن گوتوویه‌تی ئه‌و دوو وڵاته‌ دوو وڵاتی كاریگه‌ری شكستخواردووی ناوچه‌كه‌ن و سیاسه‌ته‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌ تووشی چه‌قبه‌ستوویی بووه‌.

پێشتر وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ وه‌ڵامی به‌هرام قاسمی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتبووی "بێده‌نگیی ئێران له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی توركیادا سنوورداره‌."

حوسێن موفتی ئۆغڵوو گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتبووی ئێران له‌ كاتێكدا وڵاتانی تر بۆ په‌ره‌سه‌نه‌ندی ئاڵۆزییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ خۆی ئاماده‌یه‌ په‌ناخوازانیش بنێرێته‌ جه‌نگ كه‌ به‌دوای په‌ناگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن.

جگه‌له‌مه‌ داوای له‌ ئێران كرد له‌ جێگه‌ی تۆمه‌تباركردنی خه‌ڵك خۆی هه‌نگاوی ئه‌رێنی بنێت و پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ ناوچه‌ییه‌كانی خۆیدا بكات.

سه‌رچاوه‌/ رادیۆفه‌ردا


وشە - سلێمان تاشان