ئاراس رواندزی
هه‌ولێری خاوه‌ن چوار نازناوی خولی تۆپی پێی عێراق، چه‌ند ساڵێكه به بارودۆخێكی خراپی داراییدا تێده‌په‌ڕێ، به‌م هۆیه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاست و ئه‌نجامی داكشاوه و له ركابه‌ریی تیپه‌كانی به‌غداش دوور كه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش یانه‌كه‌ی پایته‌خت، ژماره‌یه‌كی قورسه و نه‌بووه‌ته نێچیرێكی ئاسانی ركابه‌ره‌كانی.
ئاشكرایه ئێستا له جیهانی تۆپی پێدا، پاره رۆڵێكی یه‌كجار گرنگ ده‌گێڕێ، ده‌توانم بڵێم باشیی دۆخی دارایی، واتا تیپێكی تۆكمه و ركابه‌ر بۆ بردنی نازناوه‌كان، هه‌ولێریش به‌هۆی ئه‌و چه‌كه‌ی ده‌ستی و ئارامی شاره‌كه، له ماوه‌ی رابردوودا توانی بۆ ماوه‌یه‌ك كۆنتڕۆڵی نازناوه‌كان بكات، له‌سه‌ر ئاستی ئاسیاش تا لووتكه هه‌ڵكشا، لێ قه‌یرانی دارایی ساته هه‌نگوینییه‌كانی راگرت و دۆخی یانه‌كه‌ی به‌ره‌و دژواری و سه‌ختی برد.
ئێستا یانه‌كه خاوه‌ن پێكهاته‌یه‌كه زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی كورد و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن، دیاره بڕیاری ده‌رفه‌تدان به یاریزانه كورده‌كان له ناچاری بوو، به‌ڵام به هۆی پشتیوانیی به‌شێك له شه‌قامی وه‌رزشی و ئاستبه‌رزی قوتابییه‌كانی رادانی راهێنه‌ر، خه‌ریكه ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌بێته پڕۆژه، بۆیه‌ش ئێستا كار بۆ هێنانه پێشه‌وه و ده‌رفه‌تدانی زیاتر به لاوانی پایته‌خت ده‌كرێ.
نكۆڵی له‌وه ناكرێ كوردستان پڕاوپڕه له به‌هره‌مه‌ند و یاریزانی لێهاتوو، لێ له پێشوودا به‌هۆی پشتگوێخستنیان و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی كارگێڕیی یانه‌كه به پشتبه‌ستن به یاریزانانی عه‌ره‌ب، بواری ده‌ركه‌وتن و خۆسه‌لماندیان نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه ئێستا دۆخێك هاتۆته ئاراوه، كه یاریزانانی هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان خاوه‌نی یانه‌ن، پارێزه‌ری گۆڵه‌كه‌ت و هه‌ژێنه‌ری تۆڕی ركابه‌ره‌كانت كوردن، دیواری به‌رگری و ئه‌ندازیارانی ناوه‌ڕاستیش له رۆڵه‌كانی پایته‌ختن، ئای خودایه هه‌ستێكی چه‌نده خۆشه كاتێك كۆمێنتار ده‌ڵێ: رێباز تۆپێكی زه‌حمه‌تی گه‌ڕانده‌وه، یاخود له‌كاتی ئاڵوگۆڕی تۆپ له نێوان یاریزانه‌كان گوێبیستی ناوه‌كانی شوان و بارزان و شێركۆ و نیاز و پاڵه‌وانه‌كانی دیكه‌ی تیپه‌كه‌ت ببیت، باشه ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات، داواكاریی چه‌ند ساڵه‌ی جه‌ماوه‌ریش نه‌بوو؟!
دیاره من و به‌شێك له هاوپیشه‌كانیشم ساڵانێكی زۆر هاوارمان كرد، كه پێویسته بناغه‌یه‌ك بۆ وه‌رزش و تۆپی پێی شاره‌كه‌مان دابنێین، چونكه روونبوو دوای نه‌مانی پاره و باشتربوونی دۆخی دارایی و ته‌ناهیی عێراق، چیتر هه‌ولێر نابێته‌وه كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌ستێره‌كانی به‌غدا، كات زۆری نه‌برد و پێشبینییه‌كان راست ده‌رچوون و تیپه‌كه‌ی قه‌ڵاو مناره كه‌وته چاڵێكی قووڵ، به‌ڵام رۆڵه به‌وه‌فاكانی شاره‌كه‌ی قه‌ڵا و مناره نه‌یانهێشت ئاڵاكه‌ی هه‌ولێر بكه‌وێت و یه‌ك ده‌ست هاتنه مه‌یدان و به دروشمی (یانه‌ی مه یانه‌ی شێرانه) جارێكی تر تیپه‌كه‌یان بنیات نایه‌وه په‌یتا په‌یتاش ئاست و ئه‌نجامیان هه‌ڵده‌كشێ.
لێره‌وه من داوا له جه‌ماوه‌ر و به‌رپرسان و میدیاكارانی وه‌رزشی ده‌كه‌م، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ئه‌و تیپه و یاریزانه‌كان بكه‌ن، راسته ئه‌نجامه‌كان وه‌ك پێویست نین، به‌ڵام بۆ ئه‌و ئامانجه پێویسته پشوودرێژ بین و كاتی زیاتریان پێبده‌ین، چونكه سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی تیپ كارێكی قورسه و كاتێكی زۆری گه‌ره‌كه. هه‌روه‌ها به گرنگیشی ده‌زانم ده‌سته‌ی كارگێڕیی هه‌ولێر گرێبه‌ستێكی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ رادانی راهێنه‌ر واژۆ بكه‌ن، چونكه ئه‌و راهێنه‌ره كڕواتییه خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆره، دڵنیام ئه‌گه‌ر دره‌فه‌تی باشی پێبدرێ و كه‌ره‌سته‌كانی سه‌ركه‌وتنی بۆ فه‌راهه‌م بكرێ، بۆ چه‌ند ساڵی ئاینده بناغه‌یه‌كی باش بۆ تۆپی پێی هه‌ولێر داده‌نێ و به لاوه‌كانی پایته‌ختیش تیپه‌كه ده‌كاته‌وه تۆقێنه‌ره‌كه‌ی جاران.