ئەمساڵ نرخی نەوت دەگاتە 70 دۆلار

:: PM:03:53:23/02/2017 ‌
سیتی بانکی ئەمەریکا لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کرد بەمزووانە هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت دەگەڕێتەوە و نرخی نەوتیش تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە ٧٠ دۆلار.

بە بۆچوونی سیتی بانک نرخی نەوت کە لە ئێستەدا لە نێوان ٥٤ دۆلار و ٥٨ دۆلار لە هەڵبەز و دابەزدایە لە داهاتوویەکی نزیکدا چیتر دابەزین تۆمار ناکات و تەنانەت ئاماری دابەزینی کۆگای نەوتی وڵاتانی دنیاش فاکتەرێکی تر دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکان.

جگەلەمە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک کە ٩٣%ی بەڵێنییەکانیان بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت جێبەجێ کردووە، کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەمەودوا دەردەکەوێت.

هاوکات بانکی گۆلمەن ساچیش پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ئاستی کۆگای نەوتی وڵاتانی دنیا رووی لە دابەزین کردووە و دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەک و بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی لە لایەکی تر وا دەکات نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوە بکات.

تاکە شتێک کە بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر بازاری نەوت هەژمار دەکرێت بریتییە لە پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوتی شێل یان لیتەیی.

بەهۆی پێشبینییەکانی ئەو بانکە نرخی نەوت رووی لە بەرزبووونەوە کردووە و ئەمڕۆ نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ چوارشەمە نزیکەی دۆلارێک بەرزبووەتەوە. ئێستە هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بە ٥٦ دۆلار و ٦٠ سەنت دەفرۆشرێت. 

سەرچاوە/ مێهرنیوۆ


وشە - سلێمان تاشان