حكوومەتی عێراق وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دوا خست

:: PM:03:00:19/01/2021 ‌

دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرد و رای گەیاند كە لەبەر چەند هۆكارێك ناتوانن پابەندی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بن لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكەی بۆ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دا.
بڕیارەكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە دراوە
ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی ساز كرد و لە دانیشتنەكەدا ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان مێوانداری كران، بەپێی سەرچاوەكان ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ 10ی تشرینی یەكەم داوە.

شایەنی باسە هەفتەی رابردوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رای گەیاند كە ناتوانن هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوە ببەن، كە مستەفا كازمی ساڵی رابردوو دیاری كردبوو، لە 17ی ئەم مانگە كۆمسیۆنەكە نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرد و بەفەرمی پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنەكەی بۆ 16ی تشرینی یەكەم كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل