"دەوڵەتێكی شكستخواردوو لە عێراق هەیە"

:: PM:05:06:19/01/2021 ‌

 


بەپێی سیاسەتوان و چاودێرانی عێراق لە دوای 2003ەوە سەرەڕای دەستكەوتێكی دارایی زۆر گەورە، دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و دیموكراسی و هاووڵاتیبوون بنیات بنێن، ئەوەی هاتووە بۆخۆی و حزب و بەپێی ئەجیندا دەرەكییەكەی كاری كردووە، وڵاتیش نقوومی دەیان تەنگژە بووەتەوە، د. ماجد سامەرایی، نووسەری عێراقی لە وتارێكی بەو ناونیشانەی سەرەوە، باسی بنەماكانی شكستی دەوڵەت لە عێراق دەكات.

ئەو نووسەرە دەڵێت، هەردەبێ رۆژێك بێ و ئاڵای قوربانیان لە شەقامەكان هەڵبكرێ و ساتی حیسابكردن لەگەڵ ستەمكاران رابگەیەندرێت، چونكە رەنگە ژیانكردن لەناو دەوڵەتێكی شكستخواردوو سەرسامكار بێت، بەڵام بۆ نۆكەران ئەگەر ئاغاكانیان لێیان هەڵگەڕێنەوە، كۆتاییەكەی بەشۆكە، گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"، لە 2005 عێراقی لە پلەی 12مین لە لیستی وڵاتانی شكستخواردوو پۆلێن كرد، بۆ 2019یش هاتە پلەی 13مین، ئەو پۆلێنە بە پاڵنەری سۆزداری و ستەمكاری و سیاسی نەبوو، بەڵكو بەپێی پێوەری سیاسی نێودەوڵەتی بووە، كە وڵاتانی لەسەر بنەمای توانایان بۆ فەرمانڕەوایەتیكردنی گەلانیان و دابینكردنی پێویستییەكانی ئاسایش و فێركردن و تەندروستی و ژیانێكی گونجاو و مافی مرۆڤ و دادوەری بۆ هاووڵاتییان هاتووە.
چینی فەرمانڕەوا لە عێراق باكیان بەو وەسفە خراپانەوە نییە لە دەرەوە و ناوخۆ هەیانە
لە كتێبی "دەوڵەتە شكستخواردووەكان"، كە لە 2006 دەرچووە، نعووم چۆمسكی، بیرمەندی ئەمەریكی لە پێناسەی دەوڵەتی شكستخواردوو دەڵێت، ئەو دەوڵەتانەن ناتوانن هاووڵاتییانیان لە توندوتیژی بپارێزن، رەنگە ئەو وەسفە بەس بێ بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی لە عێراق لە دوای 2003وە بە دەوڵەتێكی شكستخواردوو وەسف بكرێت، بەمدواییەیش هەڕەشەیەك لە یەكێتی ئەوروپا دەرچووە بە ئەگەری دانانی عێراق لەژێر بڕگەی دەوڵەتە شكستخواردووەكان. 

بەپێی ئەو نووسەرە، دوو تیمی سیاسی و پێوەندیدار لە عێراق ئەو وەسفكردنەیان بەدڵ نییە، یەكەمیان بەشدارانی سیستمی سیاسی و سەرانی پارتە سیاسییە سوودمەندەكان لە عێراق و داهات و پێگە مێژوویی و جیۆسیاسی، كە سوورن لەسەر وەسفكردنی عێراق بە دەوڵەتێكی دیموكراتی، وەك چەترێك بۆ بەردەوامبوونیان لە دزی و تاڵانكردنی دەوڵەت، دووەم ملیۆنان عێراقی زیان پێگەیشتووی دەستی ئەو سیستمە كە ئەمەریكا لەسەر پاشماوەی دەوڵەتێكی دێرینی عێراق دایمەزراند، ئەوان گلەیی لە ئەمەریكا دەكەن كە كۆمەڵێك كەسی نەزان و توندڕۆی ئیسلامی سیاسی شیعەی هێنا و فەرمانڕەوایەتی عێراقی رادەست كردن، كە لەو دۆخەی ئێستە شایەنی ئەوە نییە بە دەوڵەت ناوبنرێت، بەڵكو دامەزراوەیەكە و خزمەتگوزارییەكانی پێشكەیش بە میلیشیاكان دەكات. 

چینی فەرمانڕەوا لە عێراق لە سەرۆك و وەزیر و پەرلەمانتار و حزبەكان، باكیان بەو وەسفە خراپانەوە نییە لە دەرەوە و ناوخۆ هەیانە، لەوانە پۆلێنكردنی عێراق وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو و وەسفكردنی بەغدا وەك خراپترین بۆ ژیانكردن، ئەوان تەنیا گرنگی بە بەردەوامبوون لە دەسەڵات دەدەن و خاوەن میلیشیان كە دەیانپارێزن و دەسكەوت و دزیان لەگەڵ بەش دەكەن و هاوتای سوپای پاسدارانی ئێرانن لە هەڵسوكەتە دڕندانەكانیان.

بێگومان ئەو دەسەڵاتدارانەی عێراق گاڵتەیان بەو وەسفكردنانەوە دێت، وا دەزانن كەس ناتوانێ لایان بدات، بۆ نموونە هەریەك لە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆكی حكوومەت، لە دۆخێكدا دەژین كە لەسەردەمی گەنجیشدا خەونیان پێوەی نەدەبینی، ئێستە بوونەتە لووتكەی دەسەڵات لە عێراق، "دەوڵەتە شكستخواردووەكە"، لە هەڵسوكەوتیاندا دیارە لە هەستكردن بە ئازارەكانی گەلی عێراق، بەتایبەتی گەنجان، دووركەوتوونەتەوە و كەوتوونەتە ناو خێروبێری پۆستە باڵاكانیان لەو دەوڵەتە "شكستخواردوو"ە.

ئەگەرهاتوو راپۆرت و داتای مافی مرۆڤ و سەنتەری جنێڤ بۆ دادوەری و رێكخراوە ناوخۆییەكانی عێراق لە دۆسییەیەكی دۆكیۆمێنتاریدا كۆ بكرێتەوە و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە راستگۆیانە و دیودەرانە بۆ رای گشتی بخریتە روو، ئەوكات لێپرسینەوە لەگەڵ فەرمانڕەوایانی عێراق لەژێر ناونیشانی تاوانبارانی جەنگ و پێشێلكارانی مافی مرۆڤ دەكرا، نەك بەتەنیا بەهۆی ئەوەی دەوڵەتێكی شكستخواردوو بەڕٍێوە دەبەن، بەڵام دووڕوویی نەتەوە یەكگرتووەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكان لە عێراق و ناوچەكەدا، وای كردووە تەنیا لە راگەیاندندا قسەی هەبێت. 

سیفەتێكی نۆكەر و خزمەتكارانە بیر لەوە دەكەنەوە لە دوایین ساتەكاندا ئەوەی دەستیان كەوتووە كۆی بكەنەوە و گۆڕەپانەكە چۆڵ بكەن، بەڵام ئەو فەرمانڕەوایانەی بەغدا و پاشكۆكانیان گەمارۆدراون و لە سبەی دەترسن، چونكە چوون بۆ تاران پارە دزراوەكانیان لەناو دەبات، ئەوانەیشی پارەكانیان بردووەتە دەرەوە، ئەگەر مێزەكەیان لەسەر ئاوەژوو بووەوە چارەنووسیان نادیارە، كە شتێكی چاوەڕوانكراوە و ئەزموونی ستەمكاران تا ئێستەیش بەرباسە، بۆیە هەردەبێ رۆژێك بێ و ئاڵاكان لە شەقامەكانی بەغدا و هەموو شارەكانی عێراقدا هەڵبدرێ و سەعاتی حسێبكردن لەگەڵ ستەمكاران رابگەیەندرێت.     

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل