ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی دەنگی لەسەر دواخستنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دا، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، بە گۆڕینی وادەی هەڵبژاردن لە نیازی ئەنجامدانی لایان نەداوە، دەستبەرداری نابن، چونكە خواستێكی جەماوەرییە، لەوكاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هۆكارەكانی دواخستنی پرۆسەكەی راگەیاند.
دوو هۆكار وایان كرد هەڵبژاردن دوا بخرێت
كازمی لە میانی وتەیەكی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیراندا گوتی، پێشتر 6ی حوزەیرانمان وەك وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد، ئەوەیش وەك بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێك لە وەرگرتنی دەسەڵات، روونی كردەوەن بەدرێژایی ماوەی رابردوو دووپاتمان كردەوە كە مەرجمان هەیە بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی ئازادانە و پاك و دادوەرانە و هەوڵێكی زۆرمان بۆ دابینكردنی ئاسایشی هەڵبژاردن دا.
كازمی دووپاتی كردەوە، ئەو پێشنیازەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشكەیشی كردووە بۆ درێژكردنەوەی وادەی خۆپاڵاوتن و تەواوكردنی ئامادەسازییەكان بۆ پرۆسەكە، لادان نییە لە نیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونكە هەردەبێ بكرێ و دەستبەرداریی ناكەین، چونكە داواكارییەكەی جەماوەرییە و مەرجەعیەتی باڵا پاڵپشتی كردووە، هەروەها بەشێكی بەرنامەی حكوومەتیشە.
لای خۆیەوە جومانە غەلای، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێشوازی لە بڕیارەكەی حكوومەت كرد بە دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەوەیش بەپێی پێشنیازی كۆمسیۆن و لەبەر هۆكاری تەكنیكی پێوەست بە كۆمسیۆن و یاسادانانەوە، بەهۆی تەواو نەكردنی یاسای دادگای فیدراڵ، كە پێویستە بۆ پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.
دووپاتی كردەوە، ژمارەی هاوپەیمانیەتییەكانی تا ئێستە تۆمار كراون تەنیا شەشە و كۆمسیۆن ماوەی تۆماركردنی ئەوانی درێژ كردووتەوە، بۆیە ئەگەر هەموو هاوپەیمانیەتییەكان تۆمار بكرانایە و دەنكدەرانیش كارتی بایۆمەتریان وەرگرتبووایەوە، ئەوكات دەكرا هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بكرابووایە، بەڵام ئەو دوو هۆكارە وایان كرد كۆمسیۆن داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكە بكات.