نه‌خۆشی لیشمانیا له خورماتوو بڵاو بووته‌وه‌

:: PM:07:31:19/01/2021 ‌

نه‌خۆشییه‌ك ‌ده‌بێته ‌هۆكاری كوونبوون و سوور هه‌ڵگه‌رانی پێست و به‌ لیشمانیا ناسراوه‌ له ‌شارۆكه‌ی خورماتوو‌ بڵاو بووەتەوە، له ‌گونده‌كان زیاتر منداڵان تووشیبوون، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌رێگه‌ی مه‌گه‌زه‌وه‌ خێرا بڵاو دەبێتەوە.

ئه‌حمه‌د عه‌لی به‌ێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خورماتوو بۆ "وشه‌" ئاشكرا کرد، نه‌خۆشی سوور هه‌ڵگه‌ران و داخوران و ئازاری پێست كه‌ ناوه‌ زانسته‌كه‌ی ''لیشمانیایه''‌ له‌ گونده‌كانی خورماتوو شاره‌دێی سلێمان به‌گ و ناو شاۆكه‌ی خورماتووش بڵاو بووته‌وه‌.

زیاتر گوتی، ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ به‌هۆی مه‌گه‌زێكه‌وه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، مه‌گه‌زه‌كە‌یش بە پێوەدان و چوونە سەر جه‌سته‌ی كه‌سێكی تر تووشت دەکات، مه‌گەزه‌كه‌ به‌هۆی پیسییەوە‌ دروست ده‌بێ، به‌ڵام هه‌وڵیش ده‌ده‌ین له‌رێگه‌ی رشتنی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری تۆزیش نەخۆشییەکە چارەسەر بکەین.

هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ هۆکاری دروستبوونی ئەم نەخۆشییە بۆ کەم تەرخەمی له‌ ئه‌نجامدانی خزمه‌تگوزاری دەگەڕێننەوە

مورعی محه‌مه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانی خورماتوو بە "وشه‌" ڕاگەیاند، ئه‌وان له‌رووی گه‌یاندنی خزمه‌گوزاری چیان پێ كرابێ درێخیان نەکردووە، به‌ڵام گرفتی ئامێر و كه‌می كارمه‌ندیان هه‌یه‌، لە ‌گونده‌كان زیاتر منداڵان تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ هاتوون نه‌بوونی مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندوستی له ‌گونده‌كان مه‌ترسییه‌كه‌ی زیاتر كردووه‌.

لیشمانیا نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نه ‌و زۆرینه‌ی كات تووشی پێیست ده‌بێت و به‌ده‌گمه‌ن تووشی ئه‌ندامه‌كانی ناوه‌وه‌ی جه‌سته‌ ده‌بێت، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌ زیپكه‌ی حه‌له‌ب یان زیپكه‌ی به‌غدادیش ده‌ناسرێت كه‌ به‌هۆی جۆره‌ به‌كتریایه‌كه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه ‌له ‌ناو جۆرێك مێشووله‌دا هه‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌گوزارێته‌وه‌.

نه‌خۆشی لیشمانیا له‌رێگه‌ی پێوه‌دانی مێینه‌ی مێشووله‌یه‌ك كه‌ به‌مێشووله‌ی ''خاك'' ناسراوه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و مێشووله‌یه‌ش زۆر بچووكه‌ و له‌كاتی فڕیندا بێ ده‌نگه‌ و له ‌كه‌شی گه‌رم و شێداردا ده‌ژی، چالاكییه‌كانیشی له ‌وه‌زری هاویندا زیاد ده‌بێت و له‌سه‌ر خوێنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ ده‌ژی و به‌هۆیه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌گوزراێته‌وه‌.

گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی








وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان