ئێران سزا بەسەر ترەمپ و پۆمپیۆدا دەسەپێنێت

:: PM:07:59:19/01/2021 ‌

رۆژێك بەر لە هاتنی جۆ بایدن، سەرۆكی هەلبژێردراوی ئەمەریكا بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، حكوومەتی ئێران ناوی هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وڵاتەی خستە لیستی سزاكانییەوە. 
ئێران تۆڵەی سزاكانی دەكاتەوە
لیستی سزاكانی ئێران ژمارەیەك بەرپرسی ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا دەگرێتەوە، لە سەروویانەوە ترەمپ و پۆمپیۆ و ستیڤن منوچین، وەزیری گەنجینە و بەرپرسی تریش، ئەو سزایانەی حكوومەتی ئێران دوای چەند رۆژێك لە راگەیاندنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دێت بە سەپاندنی سزا بەسەر سێ كەسایەتی و 16 قەوارە بەهۆی پێوەندیان بە ئێرانەوە.

سزاكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەوڵەكانی نەهێشتنی تیرۆرەوە بووە و سێ كەسایەتی گرتەوە، لەوانە ئەحمەد مرەوەی، نزیك لە عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران و محەمەد موخبر، سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ئیمام خومەینی.

هەروەها سزاكان 16 قەوارەی ئابووری گرتەوە، دیارترینیان دامەزراوەی "ئاستان قودس رەزەوی" و هەموو كۆمپانیاكانی، كە بە دووەم گەورەترین دامەزراوەی ئابووری لە ئێران لەدوای حكوومەت دادەنرێت و سەر بە خامنەییە، جیا لە كۆمپانیای "برشیا"ی پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گاز و كۆمپانیای "بارس"ی بواری نەوت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل