فەرمانی گرتن بۆ دوو بەپرسی باڵای مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەرچوو

:: PM:08:32:19/01/2021 ‌

 ئەمڕۆ سێشەم فەرمانی گرتن بۆ هەریەك لە بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان و سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەرچوو .

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شارەدێی قۆڕەتووی هاوسنووری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەم 19ی كانوونی دووەمی 2021، فەرمانی گرتن بۆ هەریەك لە عەلی تۆفیق، سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخان و حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گومركی گەرمیان دەرچووە.

زیاتر  گوتی، دۆسیەكەیان لەسەر گەڕانەوەی ئۆتۆمبیلە لەمەرزی  پەرێزخانەوە بۆ ئێران و چەند پرسێكی تر كە پێوەستە بە 57 بڕیارەوە لای داواكاری گشتییە.

 پۆلیسی قۆڕەتوو سەر بە دیالەیە و فەرمانی داواكاری گشتی خانەقین جێبەجێ دەكات .

 پێوەست بەو بابەتەوە كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ"وشە" ئاگاداربوونی لەو فەرمانەی گرتنە نەشاردەوە، بەڵام هێندەی گوت ئاگاداری كۆی دۆسیەكەیان نییە.

بۆ زانیاری زیاتر و دووپاتكردنەوەی هەواڵەكە،"وشە" پێوەندی بە حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیانەوە كرد، ئەو هەواڵەكەی رەت نەكردەوە، بەڵام گوتی، لە نزیكترین كاتدا كۆنگرەی رۆژنامەوانی دەبەستم، ئەوكات قسەمان دەبێت.

شایەنی باسە "وشە"، ئەوەی بۆ یەكلا بووتەوە كە ئەو دوو بەبرسە ناچنە بەردەم دادگاوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل