بەشار كیكی: پارتی هەموو كاتێك بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە

:: PM:08:50:19/01/2021 ‌

ئەمڕۆ لە بەغدا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بۆ 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دوا خرا، ئەو هەڵبژاردنەی بووبووە مایەی ترس و دڵەڕاوكێی زۆرێك لە هێزە عێراقییەكان، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە پارتی هەموو كاتێك بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە. 
پارتی دەستپێشخەر نەبووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
ئەمڕۆ سێشەم بەشار كیكی، جێگری سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پارتەكەی هەموو كاتێك بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە، روونی كردەوە، پارتی دەستپێشخەر نەبووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵكو لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەی سیاسی بووە لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پێشنیازی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی لە 6ی حوزەیرانەوە بۆ 10ی تشرینی یەكەم گۆڕی، سەعد راوی، جێگری پێشووتری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گوتی، دەبوایە كۆمسیۆن راپۆرتێكی تێروتەسەل لەبارەی ئامادەسازی و بەربەستەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە ئامادە بكات، هەروەها پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان هەرسێ دەسەڵات و كۆمسیۆن هەبێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادە نوێیەكەدا.

لەوكاتەی راوی ئاماژەی بۆ بوونی چەند لایەنێك كرد كە بەربەست دەخەنە بەردەم پرۆسەكەوە، گوتی، پێویستە سەرەتا یاسای هەڵبژاردن هەمووار بكرێت، كاتێك سەفا مووسەوی، سەرۆكی پێشووی فەرمانگەی هەڵبژاردن گوتی، چەند بۆشاییەك لە یاسای هەڵبژاردن هەیە و تا ئێستە چارەسەر نەكراوە.

لای خۆیەوە عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی دەڵێت، ئەو پاساوانەی كۆمسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن باسی كرد، قەناعەتكەر نین و بڕیارەكە كتوپڕ بوو، بۆیە پێویستە پەرلەمان لێپرسینەوە لە كۆمسیۆنەكە بكات، چونكە پەرلەمان چاودێری سەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل