چۆن رێگری لە هەڵوەرینی قژ دەكەیت؟

:: PM:09:48:19/01/2021 ‌

كەچەڵی و هەڵوەرینی قژ كێشەیەكی گەورەی زۆرێك لە خەڵكە، بەتایبەتی ئەگەر لە تەمەنێكی زوو و گەنجیدا دروست ببێت، وەك هەر كێشەیەكی هۆكاری بۆماوەیی یان پێوەست بە ژینگەی هەیە، هاوكات هەندێك هۆكار هەن خێرا یان سستی دەكەن، فیلیپ كینگسلی، شارەزای بواری قژی بەریتانی ئاماژە دەكا كە كەمیی ڤیتامین B12 دەبێتە رێگر لە گەشەكردنی سروشتی مووەكان.
پەتاتەی شیرین یارمەتی خێرا گەشەكردنی قژ دەدات
وەك "Express"، ئاماژەی كردووە،  ڤیتامین B12 یارمەتی دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەدات كە ئۆكسجین بۆ شانەكانی لەش، لەوانەیش رەگی مووەكان، دەگوازێتەوە، بۆیە لەكاتی كەمیی رێژەی ئەو ڤیتامینە لە لەشدا، رەگی مووەكان بڕی پێویستی ئۆكسجینیان پێ ناگات، بەوەیش گەشەكردنی سروشتیانەی مووەكان دەوەستێ و دەست بە هەڵوەرین دەكەن.

دەكرێ قەرەبووی كەمیی ئەو ڤیتامینە بە خواردنی خۆراك و تەواوكاری خۆراكی تایبەت بكەینەوە، باشترین سەرچاوەی ئەو ڤیتامینەیش بۆ مرۆڤ گۆشتی چیڵ و ئاژەڵە كاوێژكارەكان و ماسی و مریشك و شیر و بەرهەمەكانی شیرەمەنی وەك پەنیر و ماست، بەڵام ئەوانەی گەرم دەكرێن نا، چونكە رێژەیەكی زۆری ئەو ڤیتامینە لەدەست دەدەن.

لەوكاتەی پێشتر د. ریان رامان، ئاشكرای كردبوو كە لەو خۆراكانەی هەڵوەرینی قژ كەم دەكەنەوە وەك نموونە ئەڤۆگادۆیە، هەروەها پەتاتەی شیرین بە بێتا كارۆتین دەوڵەمەندە و یارمەتی خێرا گەشەكردنی قژ دەدات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل