سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش داوای وەرگرتنەوەی مافی ڤیتۆ لە رووسیا دەکات

:: PM:05:22:23/02/2017 ‌
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای وەرگرتنەوەی مافی ڤیتۆ لە رووسیا دەکات و رای دەگەیەنێت، رووسیا چەندان جار لەکاتی بڕیاردان لەسەر پرسی سووریا و راگرتنی هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیان مافی ڤیتۆی بەکار هێناوە و پێویستە ئەو مافەی لێ وەربگیرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی شوبات/فێبرایەر، ئاژانسی ئیرنای کۆماری ئیسلامی ئێران رای گەیاند، پاڤێڵ کلیمکین، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێراوەکانی ئەوروپا رای گەیاند، پێویستە پێداچوونەوە بە مافی ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش بکرێت و رووسیا وەڵامدەر بێت لە بەکارهێنانە ئەو مافە کە بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەپێی یاسای ژمارە 27ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر بڕیارێک پێوەست بێ بە کوشتوبڕی خەڵکی مەدەنی و کارەساتی مرۆیی، ئەگەر وڵاتێک لەگەڵ بڕیارەکە هاوڕا نەبێت، بۆی هەیە لە دەنگدانەکەدا بەشداری نەکات، نەک ئەوەی بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ رێگە لە پەسندکردنی بگرێت.

تا ئێستە هەر بڕیارێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی سووریا دراوە، رووسیا رێگەی لێ گرتووە، شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016 ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی کرد، پێداچوونەوە بە دەسەڵاتی رووسیا لەناو ئەو ئەنجوومەنە بكرێت.

دوای راگرتنی دانوستانەكانی نێوان رووسیا و ئەمەریكا لەبارەی پرسی سووریا، ئاسۆكانی گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی لە رێگەی سیاسیی و دانوستان دوورتر كەوتووەتەوە و کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی رووی لە هەڵکشان کرد.
روسیا لەناو ئەنجوومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆكردنی هەموو بڕیارێكی هەیە و رێگەی لە هەموو ئەو بڕیارانە گرتووە كە لە دژی رژێمی ئەسەد دەرچوون، بەو هۆیەیش سەرۆکی کاتی ئەنجوومەنی ئاسایش هاوشێوەی ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای كردووە پێداچوونەوە بەو ماف و دەسەڵاتە بكەن كە بە رووسیا دراوە.

تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو زەید رەعد حوسێن، ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ رای گەیاند، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش پێداچوونەوە بە مافی ڤیتۆكردن بكات بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانەی پێوەستن بە تاوانی شەڕ و جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ نەوەستێنرێن.

رەعد رای گەیاند، دەبێ سنوورێك بۆ ئەندامە هەمیشەیییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دابنرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی لە حەلەب و سووریا ئەنجام دەدرێت، بگەیەنێتە دادگەی تاوانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لەوێوە بریاری بۆ دەر بكرێت.


بەکارهێنانی مافی ڤیتۆکردن تاکە دەستەواژەیەکە لەو سەردەمەدا بۆ چارەنووسسازترین ناوەندی بڕیاری جیهان "ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی" رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکار دێت.

ڤیتۆ "Veto" وشەیەکی لاتینییە بە واتای "من رێگەی لێ دەگرم" ئەو دەستەواژە لە دنیای سیاسەتدا بۆ یەکەمجار لە ئەنجوومەنەکانی سەردەمی ئیمپڕاتوری رۆمانییه‌كان بەکار هاتووە.

ئەگەر لە سیستەمێکی دەنگداندا رەتکردنەوەی یەک یان چەند کەسیتر سەرووی هەموو دەنگەکانی تر بێت و بتوانی سەرلەبەری پڕۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەگوترێ، "دەنگدانەکە ڤیتۆ کرا". ئەو حاڵەتە زیاتر ئەو کاتانە دێنە پێشەوە کە بەپێی پێڕەوە ناوخۆییەکان سازانەکە پیویستی بە "رێکەوتن لەسەر ئەنجامی دەنگەکان" هەبێت. لە دۆخێکی ئاوادا سەرجەم دەنگدەران مافی ڤیتۆکردنیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بە "نا" دەنگ بدەن هەرگیز ناگەنە ئەنجام و پێشنیاز یان پڕۆژە یاساکان پەسند ناکرێن.

لەو ئێستەدا بەناوبانگترین مافی ڤیتۆکردن بەکارهێنانی مافی ڤیتۆیە لەناو ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. ئەو وڵاتانەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا مافی ڤیتۆکردنیان هەیە پێک هاتوون لە "وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رووسیا، فڕەنسا، به‌ریتانیا و چین".
بەپیی جاڕنامەی بنەڕەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش لە 10 ئەندامی کاتی و 5 ئەندامی هەمیشەیی پێک دێت. ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەن مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە. لە سەرەتای دامەزرانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە تا ئێستە لەبارەی ئەو مافەوە مشتومڕی زۆر درووست بووە و زۆربەی بۆچوونەکان لە دژی مافی بەکارهێنانی ڤیتۆن. هەر بەو هۆیەوە زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکان ئەوانیش مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان پی بدرێت.

مافی بەکارهێنانی ڤیتۆ لە بڕگەی سێیەمی یاسای ژمارە 27ی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپێنراوە کە تیایدا ئاماژە دەدات، هەمووبڕیارەکانیئەنجوومەنیئاسایشینێودەوڵەتیجگەلەکاروباریناوخۆییئەنجوومەنپێویستیانبەدەنگیئەرێنی "9" ئەندامهەیەوپێویستەسەرجەمئەندامەهەمیشەییەکانبەئەرێنیدەنگیانلەسەردابێت، "یانلانیکەمدەنگینەخێریاننەدابیت".
لە پێناسەکردنی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆدا ئاماژە دراوە، هەرکام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی،واتا "چین، فڕەنسا، سۆڤیەت "رووسیا" به‌ریتانیا و ئەمەریکا" دەتوانن بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ رێگە لە دەرچوونی هەموو بڕیارێک بدەن لەناو ئەو ئەنجوومەنەدا.

ئەو دەنگەی ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەن بە "نا" لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەیدات و رێگر دەبێت لە پەسندکردن و دەرچوونی بڕیارەکان، پێی دەگوترێ ڤیتۆ. پێدانی دەنگی "نەخێر" لەلایەن ئەندامانی هەمیشەیی تەنیا ئەو کاتانە بە ڤیتۆ هەژمار دەکرێت کە پڕۆژە پێشنیازکراوەکان لە چوارچێوەی ئەرکی ئەنجوومەندا نەبن و لە دەرەوەی کاروباری ناوخۆییدا بن.

ساڵی 1991ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێنج وڵاتی "ئەمەریکا، سۆڤیەت "رووسیا"، چین، فڕەنسا، به‌ریتانیا"ی وەک ئەندامی هەمیشەیی به‌ته‌واوی جێگیركران.
لە راستیدا لەناو پێڕەوی ناوخۆیی و جاڕنامەی ئەو ئەنجوومەنەدا لە هیچ یەک لە خاڵەکاندا وشەی "ڤیتۆ" بەکار نەهاتووە بەڵام نووسراوە، بۆ پەسندکردنی هەر پڕۆژە یاسا یاخود بڕیارنامەیەک، پێویستە لە 15 ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە 9 ئەندام دەنگیان بە "بەڵێ" لەسەردابیت، بەڵام ئەگەر هەر پێنج ئەندامەکە بە بەڵێ دەنگیان نەدابێت "بۆ نموونە چوار ئەندام بە بەڵێ و تەنیا یەک ئەندام بە نەخێر دەنگیان دابێت" ئەوا پڕۆژە یان بڕیارنامەکە پەسند ناکرێت و لە راستیدا هەمان مانای ڤیتۆکردن لەخۆ دەگرێت.

ئەگەر پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش هەر هەموویان دەنگی بەڵێ بە پڕۆژەیەک نەدەن و هاوکات بە نەخێریش دەنگ نەدەن، "واتا بی هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن" و 9 ئەندامی کاتی ئەنجوومەن بە بەڵێ دەنگ بە پڕۆژەکە بدەن، ئەوا بە پەسندکراو هەژمار دەکرێت. واتا تەنیا دەنگی نەخێری ئەندامانی هەمیشەیی دەبێتە هۆی پەسند نەکردنی پڕۆژەیاسا و بڕیارەکان.

بەر لە ساڵی 1991 نزیک بە نیوەی ڤیتۆ کردنەکان لەلایەن "یەکیتی سۆڤیەتەوە" بەکار دەهێنران. دوای روخانی یەکیتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 بەملاوە، ئەمەریکا زیاترین سودی لەو مافە بینیوە. لەدوای روخانی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 تا کۆتایی ساڵی 2004 ئەمەریکا 19 جار مافی ڤیتۆکردنی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بەکار هێناوە.
هه‌روه‌ها له‌ دوای 1991 ئەمەریکا 13 جار مافی ڤیتۆکردنی بەکار هێناوە کە 11 جاریان بۆ پێوەست بووە بە پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل و یەک جار بۆ پرسی بۆسنیا و جارێکیش بۆ هێرشی ئەمەریکا بۆسەر پەنەما بەکاری هێناوە.

رووسیا پێنج جار ئەو مافەی بەکار هێناوە کە دوو جاریان پێوەست بووە بە قوبرس و جارێک بۆ پرسی بۆسنیا و جارێک بۆ میانمار و یەک جاریش بۆ دورگەی کرم.
لەدوای پشتیوانیکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە رژێمی ئەسەد و قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا،رووسیا بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش رێگەی لە هەموو ئەو بڕیارانە گرتووە كە لە دژی رژێمی ئەسەد دەرچوون، بەو هۆیەیش ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای كردووە پێداچوونەوە بەو ماف و دەسەڵاتە بكەن لەناو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

رۆژی پێنجشەم، 6ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر، زەید رەعد حوسێن لە جنێڤ رای گەیاند، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش پێداچوونەوە بە مافی ڤیتۆكردن بكات بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانەی پێوەستن بە تاوانی شەڕ و جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ نەوەستێنرێن.
رەعد هێرشی توندی کردە سەر رەفتارەکانی رووسیا لە خراپ بەکارهێنانی ئەو مافەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێی دراوە و رای گەیاند، دەبێ سنوورێك بۆ ئەندامە هەمیشەیییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دابنرێت و نەتەوە یەكگرتووەكان رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی ئێستە لە حەلەب ئەنجام دەدرێت، بگەیەنێتە دادگەی تاوانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لەوێوە بریاری بۆ دەر بكرێت. 

زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، مافی ڤیتۆ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و خوێنڕێژییه‌ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ له‌ سووریا درێژه‌ی هه‌یه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ سێ ملیۆن هاووڵاتی سووریا ئاواره‌ بوون و نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و به‌ ملیۆنانی تریش له‌ ناوخۆی سووریا ئاواره‌ و ماڵوێران بوون.



وشە - هیدایه‌ت جان