ترەمپ: بزووتنەوەكەمان تازە دەست پێ دەكات

:: AM:10:17:20/01/2021 ‌
دۆناڵد ترەمپ لە دواین رۆژی كاركردنیدا لە كۆشكی سپی وەك سەرۆكی ئەمەریكا، پەیامێكی ماڵئاوایی بڵاو كردەوە  و بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی جۆ بایدن بكات، هیوای سەركەوتنی بۆ حكوومەتی داهاتووی ئەمەریكا خواست. ئەو باسی لەوە كردووە بزووتنەوە سیاسییەكەی تازە دەست پێ دەكات.

پەیامەكەی دۆناڵد ترەمپ لە یوتیوب بڵاو كرایەوە و لە پەیامەكەدا بە خەڵكی ئەمەریكای گوت، "ئەم هەفتەیە رێوڕەسمی سوێندخواردن بەڕێوە دەچێت، بۆیە بۆ سەركەوتنی حكوومەتی نوێ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و بەختەوەری ئەمەریكییەكان دەپاڕێینەوە. ئێمە باشترین هیوای سەركەوتنمان بۆیان هەیە و هیوادارم چانسیان هەبێت. چونكە چانس زۆر گرنگە."

هێشتا دۆناڵد ترەمپ ددانی بە سەركەوتنی جۆ بایدن نەناوە كە لەو هەڵبژاردنەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەڕێوە چوو، جۆ بایدن 306 دەنگی ئێلێكتۆراڵی بەدەست هێنا و لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ 232 دەنگی مسۆگەر كرد.

دەسەڵات رادەستی حكوومەتی نوێ دەكەم
دۆناڵد ترەمپ ژمارەیەكی زۆری سكاڵای تۆمار كرد و نزیك بە تەواوی سكاڵاكان لە دادگاكانی ئەمەریكا، هیچ دەرەنجامێكیان بۆ زیادكردنی دەنگەكانی نەبوو. لە نامەكەیدا باسی لەوە كردووە بەیانی رۆژی چوارشەم 20ی مانگ كە بە كاتی هەولێر دەكاتە ئێوارەی هەمان رۆژ، "دەسەڵات رادەستی حكوومەتی نوێ دەكەم، بەڵام بزانن ئەو بزووتنەوەیەی ئێمە تازە دەست پێ دەكات."

ئەو پێداگری كرد بە دڵێكی شاد و وەفا و گیانێكی پڕ لە گەشبینی و هیوا لە كۆشكی سپی دەڕۆم، لەوەش دڵنیام باشترین پێشهاتەكان بۆ وڵات و خەڵكی ئەمەریكا چاوەڕوان دەكرێت.

سەرۆكی ئەمەریكا لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا گوتی، گەورەترین ترس و هەڕەشەی بەردەممان بریتییە لە لەناوچوونی متمانەبەخۆبوون و متمانە بە شكۆی نیشتمان.

هەرگیز هاوپەیمانێتی لەم شێوەیە رووی نەداوە.


ئەو هەروەها روونی كردەوە، حكوومەتەكەی سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و لە بەرانبەر چیندا وڵاتانی دنیای لە دەوری خۆی كۆ كردووەتەوە، لە رابردووشدا هەرگیز هاوپەیمانێتی لەم شێوەیە رووی نەداوە.

جگەلەمە حكوومەت لە پرسی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستكەوتی گەورەی هەبووە. پێویستە بگوترێت سەرۆكی ئەمەریكا بۆ یەكەم جار توانی ئیسرائیل لەگەڵ كۆمەڵێك وڵاتی عەرەبی ئاشت بكاتەوە و قورسترین سزاش بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئەو قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا كوشت. ترەمپ چەندان جار گوتوویەتی، ئەوەی كردوویەتی بۆ سەقامگیری و ئاشتی بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قاسم سلێمانی كەسێكی تیرۆریست بوو و هۆكار بوو لە تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە. 

توندوتیژی سیاسی، هێرشە بۆ سەر بەهاکانی ئەمەریكا

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ترەمپ ئاماژەی بەو هێرشەش كرد كە لایەنگرانی لە شەشی مانگی كانوونی دووەم كردیانە سەر كۆنگرێس و سەركۆنەی كرد. ئەو گوتی "لەو هێرشەی كرایە سەر كۆنگریس تەواوی ئەمەریكییەكان ترسان، توندوتیژی سیاسی، هێرشە بۆ سەر بەهاکانی ئەمەریكا و ئەمە هەرگیز لە ئەمەریكا جێی نابێتەوە."

پێویستە بگوترێت لە میانەی هێرشی لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێس، پێنج كەس كوژران و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. دوای ئەم رووداوە دیموكراتەكان لە كۆنگرێس بۆ جاری دووەم لێپرسینەوەیان لە دۆناڵد ترەمپ كرد. لێپرسینەوەكە لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەركەوت و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی پیرانیش لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكرێت. 

ترەمپ بۆی هەیە لە خولی داهاتوو بەشداری هەڵبژاردن بكاتەوە.


لە مێژووی ئەمەریكا یەكەم جارە سەرۆك بۆ دوو جار لە یەك خولدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیرانیش لێپرسینەوەكە سەربكەوێت، ئەوا دۆناڵد ترەمپ لە زۆر مافی سیاسی بێبەش دەكرێت. ئەگەر لێپرسینەوە سەرنەگرێت، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بۆی هەیە لە خولی داهاتوو بەشداری هەڵبژاردن بكاتەوە.

رێوڕەسمی سوێند خواردنی جۆبایدن ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 12ی نیوەڕۆ بە كاتی واشنتن بەڕێوە دەچێت، دۆناڵد ترەمپیش بڕیاری داوە لەو رێوڕەسمەدا بەشداری نەكات و هەر بەیانییەكەی كۆشكی سپی بەرەو ویلایەتی فلۆریدا جێبهێڵێت. بڕیارە بۆ ماڵئاوایی لە دۆناڵد ترەمپ هەر ئەمڕۆ لە كۆشكی سپی رێوڕەسمێك رێك بخرێت.

ئێوارەی دوێنێ سێشەمیش جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمەریكا گەیشتە واشنتن و بەشداری لە رێوڕەسمێكی تایبەت بە یادی قوربانیانی كۆرۆنا كرد.

ئەمەریكا وڵاتێكی دامەزراوەییە و یاسا لە سەرووی هەموو شتێكە


هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوو رێوشوێنێكی توندی تەناهی لە دەوروبەری كۆنگرێس و كۆشكی سپی  گیراوەتە بەر  و ئامادەكاری كراوە پێش بە هەر رووداوێكی نەخوازراو بگیرێت، بەڵام ئەمەریكا وڵاتێكی دامەزراوەییە و یاسا لە سەرووی هەموو شتێكە، بۆیەش پێشبینی دەكرێت بە بێ هیچ كێشەیەك رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن بەڕێوە بچێت و حكوومەتی بایدن بە فەرمی لە كۆشكی سپییەوە دەست بە حوكمڕانی خولێكی نوێی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكات.



وشە - سلێمان تاشان