بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی رەتدەكاتەوە

:: PM:05:23:23/02/2017 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رای دەگەیەنێت، كۆبوونەوەی دووقۆڵی و پێنج قۆڵی نابێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەكان و پێویستە كۆبوونەوەكان فراوانتر بكرێن دەڵێت، پێویستە وادەیەك بۆ كۆتایهاتنی تەنگژەكانی هەرێمی كوردستان دابنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم شوان قەڵادزەیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەكوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە سەرجەم حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆڵیان هەبێت لە چاككردنی دۆخی هەرێمی كوردستان.

قەڵادزەیی گوتی، كۆبوونەوەی دووقۆڵی و پێنج قۆڵی نابێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەكان و پێویستە كۆبوونەوەكان فراوانتر بكرێن، هەروەك بزووتنەوەی ئیسلامی ئامادەیە رۆڵ وەربگرێت لەچارەسەركردنی تەنگژەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوە كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە رای گەیاند، پێویستە وادەیەك بۆ كۆتایهاتنی تەنگژەكانی هەرێمی كوردستان دابنرێت و چیتر هەرێمی كوردستان بەرگەی ئەو هەموو كێشەیە ناگرێت.

قەڵادزەیی ئاشكرای كرد، پێشتر چەندین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی كراوە، بەڵام ئەنجامی نەبووە و پێویستە كۆبوونەوەكان فراونتر بێت و بەرەو ئاراستەی چارەسەری كێشەكان بن و دەبێت رۆڵ بدرێت بەلایەنەكانی تر.

بەرپرسەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی رەتی كردەوە حزبەكەی لەگەڵ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بێت.

رۆژی 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی ڕای گشتیی كوردستانی كردبوو و تێیدا داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێك بهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم