جۆن بۆڵتن: كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە دەسەڵاتی ئایەتوڵاكان بهێنرێت

:: PM:04:01:20/01/2021 ‌
جۆن بۆڵتن راوێژكاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری دا لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنی ناوكیی و گوتی، ئەگەر ئەمە روو بدات كارەساتبارە، چونكە ئێران درۆ دەكات و لە هەوڵی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیدایە و چارەسەرەكە ئەوەیە ئەو رژێمە بڕووخێنرێت.

هەرچەندە بۆڵتن لەگەڵ ترەمپ ناكۆكی هەبوو و دواجار نەیانتوانی بەیەكەوە كار بكەن، بەڵام لەگەڵ ترەمپ هاوڕا بوو لە كشانەوە لە رێككەوتنی ناوكیی و لەمبارەیەوە رۆڵی بەرچاوی هەبوو.
تا رژێمی ئێران نەڕووخێت، هیچ كام لە كێشەكانی ناوچەكە چارەسەر نابن

جۆن بۆڵتن سوورە لەسەر ئەوەی تا رژێمی ئێران نەڕووخێت، هیچ كام لە كێشەكانی ناوچەكە چارەسەر نابن و دەڵێ، كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە دەسەڵاتی ئایەتوڵاكان بهێنرێت تا ئارامی و سەقامگیری بێتە كایەوە.

بە بۆچوونی بۆڵتن مەترسی ئێران تەنیا چالاكییە ناوكییەكەی نییە، بەڵكو بە پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزم هەژمار دەكرێت . ئەو رەخنە لەو سیاسەتانەش دەگرێت كە ترەمپ دژی ئێران جێبەجیی كرد و پێی وایە ئەگەر گوشارەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرانایە، ئەوا رژێمی ئێرانیش دەڕووخا.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، بوڵتن پێی وایە ئەو رێككەوتنەی لە ساڵی 2015 وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران بەستیان، رێككەوتنێكی زۆر خراپە و وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و بەریتانیا هەرچەندە نیگەرانی چالاكییە ناوكییەكانی ئێران بوون، بەڵام هێشتا هەستیان بە مەترسییەكانی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكیی نەكردووە.

ئەگەر ئەمەریكا بۆ رێككەوتنەكە بگەڕێتەوە، زۆر كارەساتبارە

ئەو پێی وایە ئەگەر ئەمەریكا بۆ رێككەوتنەكە بگەڕێتەوە، زۆر كارەساتبارە و دەرهاویشتەی زۆر خراپی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی تری دنیا دەبێت.

ئەو هۆشدارییە لە کاتێکدا دەدرێ کە ئێران بە فەرمی داوای لە جۆ بایدن کردووە بگەرێتەوە رێککەوتنی ناوکی و تەنانەت لەو مەرجانەش پاسەکشەی کردووە کە پێشتر خستبووینەڕوو.



وشە - سلێمان تاشان