چارەنووسی ترەمپ لەناو پارتی كۆماری چی دەبێت؟

:: PM:04:33:20/01/2021 ‌

ئەمڕۆ 20ی كانوونی دووەمی 2021 جۆ بایدن، وەك سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دەستبەكار دەبێت، لە دوای چەند مانگێك لە ئاڵۆزی و مشتومڕی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی چوارساڵی رابردووی ئەمەریكا و لایەنگرانی لە دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە 3ی تشرینی دووەمی 2020ەوە دورستیان كرد، ئەمڕۆ ترەمپ كۆشكی سپی جێدێڵێت، بەڵام دوای ئەوە داهاتووی سیاسی و حزبی چی دەبێت و كێن ئەوانەی خۆیان بۆ شوێنگرتنەوەی ئامادە كردووە.
 بەنیازە حزبێكی نوێی سیاسی دامەزرێنێت
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە بەمدواییە ترەمپ قسەی لەگەڵ بازنەی دەوروبەریدا كردووە و گوتوویەتی بەنیازە حزبێكی نوێی سیاسی دامەزرێنێت، ئەو رۆژنامە لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە، ناوی ئەو حزبە نوێیە كە ترەمپ بەنیازە دروستی بكات "پارتی پاتریۆت"ە واتە "نیشتیمانپەروەر" یان ئەوانەی نیشتمانیان خۆش دەوێت، روونی كردەوە، ترەمپ تاوتوێی بیرۆكەی دامەزراندنی حزبەكەی لەگەڵ ژمارەیەك لە یاریدەرانی و كەسانی نزیكی كردووە، وەك هەوڵێك بۆ كۆكردنەوە و بەرجەستەكردنی دەسەڵاتەكانی دوای رۆیشتنی لە كۆشكی سپیدا.

لەناو پارتی كۆماری ترەمپ ناكۆكی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی هەبوو، لە سەروویانەوە میچ ماكۆنیل، سەرۆكی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران و ئادەم كینزنجەر، ئەندامی كۆماری ئەنجوومەنی نوێنەران لە دوای رووداوەكانی 6ی ئەم مانگەی كۆنگرێس قسە و هەڵوێستی نەیارانەیان دژ بە ترەمپ دەربڕی.

بەر لە رۆیشتنی ترەمپ، كاندیدانی گریمانكراوی پارتی كۆماری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمەریكا چاویان بڕیوەتە دوای سەردەمی ترەمپ و دركیان بە دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەو كردووە، كاتێك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆتیان خستە سەری و ئەگەری هەیە لە ئەنجوومەنی پیرانیشەوە سزا بدرێت و نەتوانێت جارێكی تر خۆی بە كێبەركێی سەرۆكایەتی كاندید بكات، ئەوەیش دوای ئەوەی ترەمپ لە چوار ساڵی رابردوو كۆنترۆڵی تەواوی كایەكانی پارتی كۆماری كردبوو، بۆیە كۆمارییەكان پێیان وایە رۆیشتنی ترەمپ بۆشایی دروست دەكات و بوارێك هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، بێ چاوەڕوانیكردنی ئەوەی ترەمپ دەتوانێت لە هەڵبژاردنی 2024 بەشداری بكات یان لە رووی سیاسییەوە كۆتایی هاتووە.

شوێنگرەوەكانی ترەم لەناو پارتی كۆماری كێن؟

لەوكاتەی ترەمپ ئامادەسازی بۆ رۆیشتن دەكات و ئەو رووداوانەی 6ی ئەم مانگە كۆنگرێس و دوای ئەوەیش، ئێستە بەشێك لە كۆمارییەكان بەهەلێكی دادەنێن بۆ هەوڵدان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشایەی ترەمپ، لە رێگەی وەرگرتنی چەند هەنگاوێك بۆ خۆدەرخستنیان و پێشكەیشكردنی خۆیان وەك سەركردەی داهاتووی پارتی كۆماری، هەندێكیان بە هەنگاو خۆیان لە ترەمپ دوورخستەوە، ئەوانیتر بیرۆكە و پلانی وا بڵاو دەكەنەوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی حزبەكە لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەردەمی دوای ترەمپ، تەنانەت هەندێكیان دەستیان كردووە بە رەخنەگرتن لە ركابەرانی گریمانكراویان بۆ هەڵبژاردنی 2924، ئەوەیش بە سەرەتایەكی زووی ململانێی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی دادەنرێت. 

لە شوێنگرەوەكانی ترەمپ لەناو پارتی كۆماری، سیناتۆر بن ساسی و سیناتۆر تۆم كۆتۆن و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە و نیكی هایلی، باڵوێزی پیچشوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆگڵاس دۆسی، فەرمانڕەوای ویلایەتی ئەریزۆنا، ئەگەرچی پێشبینی دەكرێ ترەمپ وەك دەنگی بەهێزی ناو پارتی كۆماری بمێنێتەوە، هەندێك لە راپرسییەكان ئاماژە دەكەن پاڵپشتی ترەمپ لە پاشەكشەدایە و ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی 2024 خۆی كاندید بكات، تەنیا 40%ی كۆمارییەكانی پاڵپشتی دەكەن.

بەگشتی ئێستە جەنگێكی كراوە لەناو پارتی كۆماری بۆ شوێنگرتنەوەی ترەمپ دەستی پێ كردووە، لە رووی ناوبانگەوە هیچ سیاسەتوانێكی تر جگە لە ترەمپ لەناو پارتی كۆماری ناوبانگیان نییە، بۆیە ئەگەرچی لە رووی جەماوەرییەوە پاشەكشەی كردبێت، ئەو دەسەڵاتی بەهێزی لەناو پارتی كۆماری هەیە، كاتێك لەلایەن لیژنەی كاری سیاسی حزبەكەوە پاڵپشتی دەكرێت، بەوەیش پاڵپشتییەكی گەورەی دارایی هەیە، راپرسییەكی سەنتەری "بیۆ" لەدوای رووداوی كۆنگرێس ئاشكرای كرد كە 57%ی كۆمارییەكان تا ئێستەیش دەیانەوێ ترەمپ بۆ ساڵانی داهاتوو وەك كەسی سەرەكی بمێنێتەوە.

راپرسییەكی تری تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"، ئاماژەی كردووە كە 85%ی كۆمارییەكان نایانەوێ ترەمپ لە پۆستە سیاسییەكان لە داهاتوودا بێبەش بێت، ئەگەرچی چاودێران پێیان وایە بابەتی بانگەشەكانی ترەمپ بەوەی هەڵبژاردن ساختەكاری تیادا كراوە و هێرشەكەی سەر تەلاری كۆنگرێس و سەركەوتنی تۆمەتباركردنی ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیران، كاریگەرییان لەسەر داهاتووی ترەمپ بۆ داهاتوودا دەبێت.           



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل