ئەمەریكا.. جانتا ئەتۆمییەكە بەشێوەیەكی جیاواز رادەستی بایدن كرا

:: PM:08:25:20/01/2021 ‌

هەر سەرۆكێكی ئەمەریكا دوای سوێندخواردنی جانتایەكی ئەتۆمی لە سەرۆكی پێشوو رادەست دەكرێت، بۆ ئەمساڵ گواستنەوەی ئەو جانتایە جیاواز بوو، چونكە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو ئامادەی ئاهەنگی سوێندخواردنی جۆ بایدن، سەرۆكی نوێ نەبوو، بۆیە دوو جانتای ئەتۆمی هەبوو.
سەرۆك تاكە كەسە دەسەڵاتی فەرمانی هێرشی ئەتۆمی هەیە
میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دیمەنی ساتی رادەستكردنی جانتا ئەتۆمییەكەیان لە تیمی ترەمپەوە بۆ تیمی بایدن لە تەلاری پەرلەمان بڵاو كردەوە، كە ئامراز و پێویستییەكان لەخۆ دەگرێ كە سەرانی ئەمەریكا پێویستیان پێیەتی بۆ فەرمانكردن بە هێرشی ئەتۆمی، كاتێك یاریدەرێكی سەربازی هاوەڵی سەرۆكە و جانتاكەی بە بەردەوام هەڵگرتووە.

لە رۆژی سوێنخواردنی سەرۆكی نوێ، جانتاكە رادەستی یاریدەرێكی تری سەربازی دەكرێت كە لە نزیك سەكۆكە و لە نزیك سەرۆكی نوێ لەكاتی سوێندخواردنی دەوەستێت، بەپێی دەستووری ئەمەریكی هەر سەرۆكێك تا ساتی رادەستكردنی دەسەڵات بۆ سەرۆكی نوێ بە سوێندخواردنی، تەواوی دەسەڵاتی هێشتنەوەی ئەو جانتایەی هەیە، بەڵام بۆ ئەمجارە ئاڵۆزییەك دروست بوو.

بەپێی تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"، رادەستكردنی جانتاكە جیاواز بوو، دوو جانتا بووە، یەكەمیان كارا نەبوو و لە واشنتن مایەوە و رادەستی تیمی بایدن كرا، بەوپێیەی دوای سوێندخواردن كار بكرێت، ئەوەیتریان لای ترەمپ بوو كە ئامادەی سوێندخواردنەكە نەبوو، بەوپێیەی لەگەڵ سوێندخواردنی بایدن لەكار بخرێت.

شایەنی باسە ئەو جانتایە دوگمەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی تیادا نییە، بەڵكو ئەو پێویستیانە لەخۆ دەگرێت كە سەرۆك لە رێگەیانەوە فەرمانی وەشاندنی گورزی ئەتۆمی دەدات، جانتاكە لە پەیكەرێكی بەهێزی ئەلەمنیۆم پێكهاتووە و بە پێستێكی رەش داپۆشراوە و ئامێرێكی پێوەندیكردنی بە وەزارەتی بەرگری تیادایە كە سەرۆك بۆ پێوەندیكردن و سەلماندنی خۆی بەكاری دێنێت، ئەوكاتەی دەیەوێ فەرمانی وەشاندنی گورزێكی ئەتۆمی دەربكات، كە تاكە كەسە دەسەڵاتی یاسایی دەركردنی ئەو فەرمانەی هەیە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل