لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی روونكردنەوە بڵاو دەكاتەوە.
بەپێی راگەیەنراوی لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە هاتووە، ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەركردووە سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان و لەبەشێكی ڕاپۆرتەكەیدا كە تایبەتە بە عێراق و هەرێمی كوردستان رێكخراوی ناوبراو لە بارەی چەند پرسێكەوە ڕەخنە ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكات لەوانە پێشێلكردنی ئازادی میدیا و كاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و لە بارەی مامەڵە كردنی دامودەزگە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون و گیرانی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی عەرەبی سوننە.
لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەك لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان تێبینی و سەرنجەكانی خۆمان سەبارەت بەو كەیسانەی كە باس كراون دەخەینەروو بەجۆرێك لە كوردستان ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە پێی یاسا رێكخراوە و بە سوود وەرگرتن لە یاسا بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە هەرێمی كوردستان كە بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت مۆڵەتی كاركردنیان هەیە و مافی ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران بە پێی یاسا پارێزراوە، لە كاتی بوونی هەر كردەوەیەك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوا كار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ هێلەكانی بەرگری هێزی پێشمەرگە وەك رێوشوێنێكی ئەمنی تەنیا پیاوەكان دەپشكێندرێن ئەویش پشكنینێكی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی كەسانی تیرۆریست و خۆكوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەكانی پێشوازی و بەهیچ شێوەیەك پشكنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت.
راگەیەنراوەكە تێیدا هاتووە، دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان رێگە لە هاتوچۆی ئاوارە و پەناباران ناگرن، بەڵام بە هۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەندێك ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتە بەر بەتایبەت لە هەندێ ناوچەی دیاریكراو كە زۆرترین مەترسی دزەكردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ هاووڵاتییە عەرەبەكانە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان بۆ ناو كوردستان.