مانوێل نۆیه‌ری گۆڵپارێزی بایرن میونشن، ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی ئۆلیڤه‌ر كانی گۆڵپارێزی ئه‌فسانه‌ی یانه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌كه‌ی له یارییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو له گه‌ڕی 17ی بۆندسلیگا، به گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر له ئۆگسبۆرگی برده‌وه.
بایرن دوای بردنه‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر فڕانكفۆرت به 5-0 گۆڵ له تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، شه‌وی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار گۆڵی لێ نه‌كرا.
تۆڕی سكواكا بۆ ئاماره‌كان، ئاشكرای كرد، مانوێل نۆیه‌ری گۆڵپارێزی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی، له كاروانی وه‌رزشیی خۆیدا توانیویه‌تی له 196 یارییدا گۆڵه‌كه‌ی به پاكی رابگرێت "كلین شیت".
به‌م ژماره‌یه‌ش، نۆیه‌ر ژماره‌ی پێوانه‌یی پێشووی یه‌كسان كرده‌وه، كه به ناوی ئۆلیڤه‌ر كانی گۆڵپارێزی پێشوو و ئه‌فسانه‌ی بایرن میونشن و هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیاوه تۆمار كرابوو.
نۆیه‌ر یارییه‌كی تر ئه‌گه‌ر كلین شیت بكات، ئه‌وا ژماره‌كه‌ی ئۆلیڤه‌ر كان تێده‌په‌ڕێنێت و به ته‌نیا ده‌بێت خاوه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یی.