گاردیانی بەریتانی: پێشمەرگە پێویستی بە كەلوپەلی دژە چەكی كیمایییە

:: PM:01:51:05/10/2016 ‌
پێگەی ماڵپەڕی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە كە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ چوونە ریزی هێرشكردنە سەر مووسڵ، هاوكات داوایان لە وەزیری بەرگریی بەریتانیا مایكل فالۆن كردووە، كە كەلوپەلی پێویستیان بۆ بنێرن بۆ پاراستنی خودی خۆیان لە هێرشی كیمیایی داعش.

هەروەها نووسیویەتی، شەڕی مووسڵ وادەكەی نزیك بووەتەوە و لە ناوەڕاستی ئەو مانگە دەبێت، هاوكات هێزەكانی پێشمەرگە رۆڵێكی كارایان لە شەڕەكە دەبێ كە ئامانج لێی كۆتاهێنانی داعشە لە عێراق.

ئاماژەی داوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا ئیمەیلی بۆ وەزیری بەرگریی بەریتانیا مایكل فالۆن ناردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، هێزەكانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی چەكی كیمیایی داعش بوونەتەوە و 19 حاڵەتی لەوشێوەیە تۆمار كراوە و پێویستیان بە كەلوپەلی دژ بە چەكی كیمیایییە.

هەروەها ڕوونی كردووەتەوە، تا ئێستە هێزەكانی پێشمەرگە بەشێوەیەكی زۆر سەرەتایی دەتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن بەرامبەر بە هێرشی كیمیایی داعش، تەنیا بەرگ و دەمامكی دژە چەكی خنكێنەر و كیمیایییان لایە.

پێشتر ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، كە داعش پاشماوەی گازی خەردەل و كلۆری لە چەندان شەڕ لە عێراق و سووریا بەكار هێناوە.

هامیش ددی بریتۆن گۆردن فەرماندەی پێشووی فەوجێكی بەریتانیا بۆ گازی كیمیایی و تیشكدار و ئەتۆم لەوبارەوە دەڵێ، مەترسی هەیە داعش لەكاتی شەڕی مووسڵ چەكی خنكێنەر و سووتێنەر دژی هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە بەكار بهێنێت.

هەروەها دەڵێ، پێشمەرگە كەلوپەلی خۆپارێزیان لەم جۆرە چەكە زۆر كەمە، ئێستە تەنیا 400 دەمامكی دژە گازی خنكێنەریان لایە، لەكاتێكدا پێویستیان بە 30 هەزار دانەیە لەكاتی هێرشكردنە سەر مووسڵ.

 ئاماژەی داوە، هێزەكانی پێشمەرگە 10 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵی پایتەختی داعش لە عێراق دوورن، ئەوان لە دۆخێكی خۆپارێزدان لە ترسی چەكی خنكێنەر، بەهۆی ئەوەی ترسی زۆریان لەم جۆرە چەكە هەیە و پێشتریش سەدام حوسێن دژی كوردەكان بەكاری هێناوە.

وشە/پێگەی گاردیان، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د