"حزبەكان پشتیوانی پێكهێنانی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی دەكەن"

:: PM:06:46:23/02/2017 ‌

یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان پڕۆژەیەكی ئامادەكردووە بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی و ئەو پڕۆژەیە ئەمڕۆ پێنجشەم ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا بەمەبەستی پشتیوانی و دروستكردنی ئەنجوومەنەكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم كەریم بەحری ئەندامی دەستەی باڵای یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی ئاراستەی زۆربەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەمڕۆش پڕۆژەكە ئاراستەی پارتی كرا.

زیاتر گوتی، پڕۆژەكە یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان ئامادەی كردووە و دەیەوێت ئەنجوومەنێكی باڵا پێك بێت بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنەسیاسیەكانی هەرێمی كوردستان.

كەریم بەحری گوتی، زۆربەی ئەو حزبە سیاسیانەی پڕۆژەكەیان بەدەست گەیشتووە پشتگیری پڕۆژەكەیان كردوە و لەئێستەدا چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەكەین و دواتر سەردانی سەرجەم حزبەكانی تر دەكەین.

بەگوێرەی لێدوانی ناوبراو ئەنجوومەنەكە بۆ یەكلای كردنەوە و هاوهەڵوێستی حزب و لایەنەكانە بەرامبەر پرسەنەتەوەیی و نیشتمانییەكان و كۆكردنەوەی سەرجەم حزبەكانیش لەخۆ دەگرێت.
یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان پێشتر بەو پڕۆژەیەوە سەردانی چەند لایەنێكی تری سیاسی كردووە و بریاریشە لەداهاتوو لەسلێمانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان لەوبارەیەوە كۆببنەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم