لە كەركووك یادی ڕۆژنامەگەریی توركمانی كرایەوە

:: PM:06:52:23/02/2017 ‌
ماڵی ڕۆشنبیریی كەركووك بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆواری پنار و فەرمانگەی پێوەندییەكانی ڕۆشنبیریی گشتیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی توركمانییان كردەوە و لەو یادەدا ژمارەیەك لە ڕۆژنامەوانانی توركمانی شارەكەش خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 23ی شوبات لە هۆڵی ماڵی ڕۆشنبیریی كەركووك، كۆواری پنار بە هەماهەنگیی فەرمانگەی پێوەندییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەوانانی توركمانی كەركووك و عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشووی كەركووك یادی 106 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی توركمان كرایەوە.

ئەحمەد كەركووكی سەرنووسەری كۆواری پنار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژنامەوانانی توركمانی كەركووك و دووزخورماتوو و هەولێر لە ڕێگەی بڵاوكراوەكانیان كە بە زمانی توركمانی دەردەچوون و هێندێكیان تاكو ئێستەش هەر بەردەوامن، توانیویانە ڕەوشی ڕۆشنبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی نەتەوەی توركمان بخەنەڕوو و خامەی ڕۆژنامەنووسانمان لە تۆماركردنی ڕاستییەكاندا چەكەرەیان نەكردووە و لە سەردەمی رژێمی پێشوو و پاش ڕووخانیشی لە خزمەت كولتووری توركمان دا بوونە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی كورد و عەرەبی شارەكە مێژوویەكیان بۆ خۆیان تۆمار كردووە و كتێبخانەكانیان لە بڵاوكراوە توركمانییەكان دەوڵەمەندتر كردووە.

محەمەد قەساب ئۆغڵو نوێنەری یەكێتیی مامۆستایانی توركمان لە وتەیەكیدا ئاماژەی بۆ كاروانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی توركمانی كرد و ڕای گەیاند، كەركووك لە مێژوودا قوتابخانەیەكی بەپێز بووە بۆ پێگەیاندنی ژمارەیەكی زۆری ڕۆژنامەنووسان و هەر لە پێش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە و لە ساڵی 1909دا ڕۆژنامەنووسانی توركمان لە مووسڵ و بەغدا و تەنانەت لە بەسرەش تەكانیان بە ڕۆژنامەگەریی توركمانی داوە و لەو ساڵەدا 12 ڕۆژنامەی جۆراوجۆر بە زمانی توركمانی و توركی و عەرەبی دەركراوە و توركمان لە ڕۆژگارەكانی سەردەمی داگیركاریی بەریتانیاشدا خاوەن 18 ڕۆژنامە و كۆوار بووە.

مەهدی زریان سەرۆكی لقی كەركووكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان یەكێك بوو لە ئامادەبووانی ئەم یادە و تایبەت بە "وشە" ڕای گەیاند، ئەگەرچی ساڵانی پێش 2003 رەوتی ڕۆژنامەگەری بە زمانەكانی كوردی و توركمانی زۆر سنووردار كرابوون، بەڵام پاش ئەم بەروارە و دوای ئازادكردنی عێراق ڕۆژنامەوانانی كورد و توركمانی شارەكە سنووری ئازادییان فرەوانتر بوو و دەیان دەزگەی ڕۆژنامەوانی لە شارەكە دامەزرا و هەریەك گوزارشتی لە لایەنی سیاسی و ڕۆشنبیری خۆی دەكرد. ئێمەش ئەمڕۆ كە بەشدارین لەم یادە خۆمان بە هاوبەش و خاوەنی ڕۆژنامەوانانی توركمان دەزانین چونكە بەشێكی زۆری ڕۆژنامەوانانی توركمان ئەندامن لە لقی سەندیكاكەمان و هاتووین پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەیان لێ دەكەین و خەڵاتی ڕێزلێنانیشیان پێ بەخشیوین.

لە كۆتای ڕێوڕەسمەكەدا ژمارەیەك لە ڕۆژنامەوانە دێرینەكانی توركمانی شارەكە خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا و بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتووش هەمان ڕێوڕەسم لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
كەركووك: نەبەز ڕۆستەم       


وشە - عه‌لی سدیق