دوایین زانیاری لەبارەی تەقینەوەكانی بەغدا

:: PM:06:03:21/01/2021 ‌

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم دوو تەقینەوەی دوای یەك ناوەڕاستی بەغدایان هەژاند، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە 32 كەس و بریندارانیش 110 كەسن، تەقینەوەكان لە گۆڕەپاتی تەیەران لە باب ئەلشەرقی روویان داوە و ئێستە 36 بریندار لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، وەك حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق رای گەیاند. 
ئێران: ئیسرائیل لەپشتەوەی هێرشەكەی بەغدایە
بەر لەوەیش وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە تەقینەوەكان خۆكوژی بووەن، یەكەمیان كەسێك بانگەشەی ئەوەی كردووە نەخۆشە و داوای یارمەتی كردووە، بۆیە خەڵك لە دەوری كۆبوونەتەوە و خۆی تەقاندووەتەوە، دوای ئەوەی خەڵكەكە بۆ بەهاناچوونی بریندارانی تەقینەوەی یەكەم كۆبوونەتەوە، كەسێكی تر خۆی تەقاندووەتەوە، تەقینەوەی یەكەم لە نزیك سینەمای غەرناتە بووە.

ئەمڕۆ و بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەك لە بارەگای سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا، هەڕەشەی لە فەرماندە تەناهییەكانی بەغدا كردووە بەوەی ئەوەیان دوایین هەلە بۆ ئەوان و لەكاتی روودانی هەر هێرشێكی تر دەست بە لادان و دوورخستنەوەیان دەكات، هاوكات فەرمانی داوە بە چڕكردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەكان و فەرامۆش نەكردنی هیچ زانیارییەكی تەناهی. 

لای خۆیەوە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق سەركۆنەی دوو تەقینەوەكەی بەغدای كرد و لە بەیاننامەیەكدا گوتی، بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشە خۆكوژییەی گۆڕەپانی تەیەران دەكەین، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی بێتاوانی عێراقی، ئەوە كارێكی ترسنۆكانەیە و دووپات لە مەترسیداری تیرۆر دەكاتەوە. 

هەروەها پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیكان بەتوندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستییەكەی بەغدای كرد و بەكارێكی دڕندانە وەسفی كرد، جیا لەوانە هەریەك لە سعوودیە و قەتەر و میسر و ئوردن و توركیا سەركۆنەی هێرشەكەیان كرد، ئەوان پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق دەربڕی.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم باڵوێزخانەی ئێران سەركۆنەی هێرشەكەی بەغدای كرد، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەگەری بوونی ئیسرائیل لەپشت هێرشەكە كرد و گوتی، كردە تیرۆریستییەكان ئێستە لە عێراق لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی نەتانیاهۆ بۆ قۆناغی دوای هاتنی جۆ بایدن و رۆیشتنی ترەمپ دەگونجێت، بۆیە ئەو تەقینەوانە بۆ راكێشانی سەرۆكی نوێی ئەمەریكایە بۆ ناو تەڵەی رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەكە و ئەوەیش خواستی ئیسرائیلە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل