پێویستە رۆژانە چەند هەنگوین بخۆیت؟

:: PM:07:03:21/01/2021 ‌

هەنگوین جیا لەوەی خواردنێكی خۆش و سروشتییە، واتە شیرینییەكەی زیانبەخش نییە، ئەو وەك باس دەكرێت چارەسەریشە، زۆرێك رۆژانە هەنگوین دەخۆن، بەڵام بەهۆی شیرینییەكەی رەنگە مەترسی تووشبوونی جۆری دووەمی شەكرە لێ بكرێت، ئەوە ئەگەر هەنگوینەكەی رەسەن و سروشتی بێت، پزیشكان ئەو بڕە هەنگوینە دیاری دەكەن كە دەكرێ مرۆڤ بیخوات و زیانی پێ نەگات.
خواردنی هەنگوین لەگەڵ خواردنەوەی كحولی مەترسی گەورەی هەیە
بەپێی راپرسییەكی ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی"ی رووسی، ئەو پزیشكانەی بەشداریان كردبوو ئاماژەیان كردووە كە بۆ ئەوەی هەنگوین كاریگەرییەكی زیانبەخشی بۆ سەر لەشی مرۆڤ نەبێت، پێویستە زیاتر لە دوو كەوچكی چێشتی رۆژانە نەخوات، پرۆفیسۆر ئەلیكسی بۆێرڤیرۆڤ، سەرۆكی بەشی چارەسەری گشتی لە زانكۆی سیچینۆڤی پزیشكی گوتی، وا باشترە هەنگوینەكە لە نیوەی یەكەمی رۆژدا بخۆیت و بەوە ژیانێكی چالاكت دەبێت.  

زیاتر گوتی، هەنگوین دژەئۆكسێنەری تیادایە و رێگری لە بەئۆكسیدبوونی خانەكان دەكات، هەروەها ڤیتامین و شەكری فرەكتۆزی تیادایە كە سەرچاوەی وزەیە، لای خۆیەوە د. یلینا تیخۆمیرۆڤا، شارەزای بواری خۆراك دەڵێت، لەبارەی سوودەكانی هەنگوین زۆر زیادەڕۆیی دەكەین، بۆ بەدەستهێنانی سوودی هەنگوین دەبێت بڕێكی زۆری لێ بخورێت، بەڵام بوونی كاربۆهیدراتێكی زۆر تیایدا بە كالۆری دەوڵەمەندی دەكات، بۆیە پێویستە بڕێكی كەمی لێ بخورێت.

شارەزایان دەڵێن، وا باشترە هەنگوین بە شانەكەیەوە بكڕیت، كە گرەنتی باشی و جۆرەكەی دەكات، پزیشكان پێیان باش نییە لەكاتی سەرمابووندا هەنگوین و چای گەرم تێكەڵ بكرێت بەوەی چارەسەری خێرا دەكات، چونكە توانەوەی هەنگوینەكە لەناو چایە گەرمەكەدا تایبەتمەندییەكانی ناهیڵێت.

هەروەها كەسانی قەڵەو نابێت زۆری بخۆن، چونكە بە كالۆری دەوڵەمەندە، جیا لەوە كەسانێك هەستیاریان بە هەنگوین هەیە، لەپاڵ ئەوانە خواردنی هەنگوین لەگەڵ خواردنەوەی كحولییەكان مەترسی گەورەی بۆ سەر تەندروستی هەیەو تووشی تێكچوونی جگەریان دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل