دیدار حامید گۆڵپارێزی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر، ئاشكرای كرد، له بڕیاری وازهێنان له یاریكردن په‌شیمان بووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێت جارێكی تر ده‌ست به یاریكردن بكاته‌وه، ده‌شڵێت له یانه‌كانی كوردستان و عێراقیشه‌وه گرێبه‌ستم بۆ هاتووه.
دیدار ئێسته راهێنه‌ری گۆڵپارێزانی یانه‌ی هه‌ولێره و وشه سپۆرت چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام دا.
تۆ پێشتر به قه‌ناعه‌ته‌وه وازت له یاریكردنت هێنا، چۆنه حه‌زی یاریكردنت بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟
ماوه‌ی زیاتر له ساڵێك و شه‌ش حه‌وت مانگه وازم له یاریكردن هێناوه، سه‌ره‌تا په‌شیمان نه‌بووم و به لامه‌وه ئاسایی بوو، به‌ڵام ئێسته هه‌ست به په‌شیمانی ده‌كه‌م و حه‌زده‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه یاریكردن، چونكه راستییه‌كه‌ی "له‌گه‌ڵ رێزمدا" له یانه‌ی هه‌ولێر و له یانه‌كانی تردا هیچ گۆڵپارێزێك نابینم له ئاستێكی زۆرباشدا بێت، به تایبه‌تی له خولی كوردستاندا، بۆیه ئه‌مه هانی داوم روو له یاریكردن بكه‌مه‌وه و له بڕیاری وازهێنان په‌شیمان ببمه‌وه، جگه له‌وه، خه‌میش ده‌خۆم كه گۆڵپارێزی ئاستبه‌رز له یاریگه‌كانی كوردستاندا نابینم.
ده‌ته‌وێ له كوێ ده‌ست پێ بكه‌یته‌وه ؟
كه بگه‌ڕێمه‌وه یاریكردن، بێگومان ئه‌گه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر پێویستی به من هه‌بێت، ئه‌وا ئاماده‌م و جێی شانازییه بۆ من، كه هه‌ر له یانه‌كه‌ی خۆمدا یاریی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بێت، ده‌توانم بچمه هه‌ر یانه‌یه‌ك كه خۆم مه‌به‌ستم بێت، من له سه‌ره‌تای وه‌رز داوام كرد كه ناوم له لیستی یانه‌كه‌م له خولی كوردستاندا وه‌ك راهێنه‌ری گۆڵپارێزان نه‌نووسرێت، بۆ ئه‌وه‌ی تا نیوه‌ی وه‌رز چاوه‌ڕێ بكه‌م و بزانم بارودۆخه‌كه چۆن ده‌بێت، بۆیه ئێسته ئاماده‌م بۆ یاریكردن.
پێت وایه یانه‌ی هه‌ولێر پێشوازی له‌و بڕیاره‌ت بكه‌ن، ئه‌گه‌ر خۆت یه‌كلاكرده‌وه؟
پێم وانییه ئه‌وان كێشه‌یان له گه‌ڕانه‌وه‌ی من هه‌بێت، من ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌خه‌مه به‌رده‌ستی یانه‌كه‌م، كارگێڕیی یانه پێشتر به منیان گوت ده‌مانه‌وێت سوود له ئه‌زموونت وه‌ربگرین و گۆڵپارێزی لاو بۆ یانه‌كه پێ بگه‌یه‌نیت، به‌ڵام من پێم گوتن، ئه‌مه ده‌كرێ، به‌ڵام كاتی ده‌وێت و وا به‌خێرایی نایه‌ته‌دی، من له لای خۆمه‌وه ئاماده‌ییم هه‌یه كار له‌گه‌ڵ گۆڵپارێزه لاوه‌كان بكه‌م و خۆشم یاریی بكه‌م، چونكه ئێسته‌ش رۆژانه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كار ده‌كه‌م و باوه‌ڕ بكه‌ن له جاران ماندووترم، ته‌نانه‌ت كێشیشم دابه‌زیوه.
كه‌واته تۆ له رووی توانای جه‌سته‌یی و مه‌شقه‌وه ئاماده‌ی؟
به‌ڵێ، به‌دڵنیاییه‌وه، چونكه من هیچ كات له مه‌شق دانه‌بڕاوم و رۆژانه له‌گه‌ڵ گۆڵپارێزه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر كار ده‌كه‌م و به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی مه‌شقه‌كان ده‌كه‌م، كه‌واته له‌م رووه‌وه هیچ كێشه‌م نییه.
پێده‌چێت له یانه‌كانی تره‌وه گرێبه‌ستت پێشكه‌ش كرابێت، وایه؟
راسته، نایشارمه‌وه له یانه‌یه‌كی خولی كوردستان، كه ئاستیشی به‌رزه، هه‌روه‌ها له یانه‌كانی خولی نایابی عێراقیشه‌وه، كه له ناوه‌ندی ریزبه‌ندیدان، گرێبه‌ستم پێشكه‌ش كراوه و به دڵی منیش پاره ده‌ده‌ن، به‌ڵام من هێشته خۆم یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه و یانه‌ی هه‌ولێریش بۆ من له پێش هه‌مووانه.
دیدار حامید حه‌سه‌ن
ماوه‌ی 22 ساڵ وه‌ك گۆڵپارێز یاریی كردووه.
نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وازهێنانی خۆی له یاریكردن راگه‌یاند.
ئێسته راهێنه‌ری گۆڵپارێزانی یانه‌ی هه‌ولێره له خولی كوردستان.
جگه له یانه‌ی هه‌ولێر، كه زۆرترین ماوه له‌وێدا یاریی كردووه، بۆ یانه‌كانی ئارارات، زاخۆ، برایه‌تی له خولی عێراقدا یاریی كردووه.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، دیدار بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی لاوان، ئۆڵمپی و یه‌كه‌می عێراق یاریی كردووه.
هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانیش یاریی كردووه.
له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان چه‌ندان نازناو و ده‌ستكه‌وتی به‌كۆمه‌ڵ و تاكه‌كه‌سی به‌ده‌ستهێناوه و یه‌كێكه له وه‌رزشوانه به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان.