له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی كۆشكی سپی، كۆنه برینێك له ئێران سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه كه ماوه‌ی چوار ساڵ بوو پشتی لێ كردبۆوه و له رۆژی 20ی كانوونی دووه‌مه‌وه جارێكی تر ئه‌و برینه ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ته‌وه و ئازاره‌كه‌ی به راده‌یه‌ك پڕوكێنه‌ره، خه‌وی له تاران زڕاندووه، ئێسته تاران له هه‌موو كه‌ره‌سته و ده‌ست و پێوه‌ندییه‌كانی كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و مۆته‌كه گورچوبڕه.
دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و دروستكردنی هێڵی 36 بۆ ناوچه‌ی دژه فڕین، باشووری كوردستان توانی حكوومه‌تێكی ئۆتۆنۆم دابمه‌زرێنێت و یه‌كه‌م وڵات كه دژی ئه‌و حكوومه‌ته وه‌ستایه‌وه و سنووره‌كانی به‌ڕوویدا داخست و ته‌نانه‌ت رێی به هێنانی ده‌رمانیش نه‌ده‌دا، كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، رژێمی ئێران ترسی ئه‌وه‌ی لێ نیشتبوو كوردانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش هاوشێوه‌ی باشوور راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێ بخه‌ن و خاكه‌كه‌یان له تاران جیا بكه‌نه‌وه.
ئه‌و رووداوه‌ی له سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌وه، دره‌نگانی شه‌و تارانی له خه‌و رادهچڵهكاند بوو به ئه‌مری واقع
دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له سه‌رووی هه‌موانه‌وه ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی بۆ باشووری كوردستان راگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان بوو به دیفاكتۆیه‌كی سیاسیی و ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی ئێران بۆ تێكدانی قه‌واره نوێیه‌كه‌ی كوردستان هه‌ڵی چنیبوو، هه‌مووی به ئاو دا چوو و ئه‌وجاره‌یان له ڕێگه‌ی پشتیوانی له كۆمه‌ڵێك رێكخراوی ئیسلامییه‌وه هه‌وڵی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمی ده‌ست پێ كرد.
ئامانجی ئێران له‌و هه‌وڵانه‌ی وه‌ستاندنی باشووری كوردستان بوو له هاندان و پشتیوانی كوردانی رۆژهه‌ڵات و ئه‌و حزب و لایه‌نه ئیسلامییانه‌ی وه‌ك كارتێكی فشار به‌كار ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی له رێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئۆپۆزسیۆنی رۆژهه‌ڵات له چالاكییه‌كانیان بوه‌ستێنێت، ئه‌گه‌رچی هیچكات ئه‌و حزبانه سه‌رباری ئه‌و هه‌موو پاڵپشته داراییه‌ی ئێران نه‌یانتوانی ببن به به‌رده‌نگی كورد له باشووری كوردستان، به‌ڵام ئێران له رێیانه‌وه ده‌یه‌ویست به ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بڵێ كه ده‌توانێ ببێته هۆی تێكدانی ته‌ناهی و دروستكردنی ئاڵۆزی له كوردستان.
ئه‌و ململانێیه تا ساڵی 2003 و هێرشی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر به‌غدا درێژه‌ی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی به‌عسی عێراقی و هاتنی هێزی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی ئێران چیتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی جارانی نه‌ما بۆ ده‌ستوه‌ردان و هه‌رێمی كوردستان له حكوومه‌تێكی ئۆتۆنۆمه‌وه گۆڕا به هه‌رێمێكی فیدڕاڵ و ئێران ته‌نیا توانی له میدیا ناوخۆییه‌كانیدا دژایه‌تی ئه‌و سیستمه نوێیه‌ی هه‌رێم بكات.
له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی مافی فیدڕاڵی له باشووری كوردستان، شه‌قامه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ئیلامه‌وه تا خۆی و سه‌ڵماس خرۆشان، كۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه سیاسه‌تی لاوازكردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و تواندنه‌وه‌ی كوردی ده‌ست پێ كردبوو و له‌و پێناوه‌دا بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خه‌رج كردبوو، به‌ڵام گۆڕینی سیستمی ئۆتۆنۆمی له باشووری كوردستان بۆ فیدڕاڵی پێشانی دا كه ئه‌وه‌ی 25 ساڵ بوو رستبوویان، هه‌مووی بوویه‌وه خوری.
ئێران به باشی ئه‌وه‌ی ده‌زانی كه هه‌ر رووداوێكی سیاسیی له باشووری كوردستان روو بدات، له شه‌قامه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له ئاستی پرتهوبۆڵهیهكی میدیایی زیاتر نه‌یتوانی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چیتر ئه‌و هه‌رێمه نه‌بوو هاوشێوه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بێ پشت و په‌نا بێت و ئێران بتوانێ ته‌ڕاتێنی سه‌ربای و ته‌ناهی تیادا بكات، له هه‌ر شه‌قامێكی هه‌ولێری پایته‌خت كۆنسوڵگهیهكی وڵاتانی رۆژئاوایی كرابوویه‌وه و فڕۆكه‌ی سه‌رۆكی وڵاتانی زلهێزی دنیا له هه‌ولێر ده‌نیشتنه‌وه.
ساڵی 2011 باراك ئۆباما فه‌رمانی كشانه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری هێزه‌كانی له عێراق ده‌ركرد و بڕیاره‌كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئێران له‌ڕێی هه‌ستی مه‌زه‌وییه‌وه به‌شێك له هێزه شیعه‌كانی عێراق به‌لای خۆیدا رابكێشێت و ده‌ست به‌سه‌ر زۆربه‌ی جومگه سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی به‌غدا دا بگرێت، ئه‌و حوكمه میلیشیاییه‌ی ئێران دروستی كردبوو، سه‌رجه‌م عێراقی ته‌نیبوو، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی زه‌فه‌ر به هه‌ولێری پایته‌خت ببات.
تاران دوای هه‌وڵدانێكی زۆری ته‌ناهی و دیپلۆماسیی له به چۆك داهێنانی هه‌ولێر بێ هیوا بوو و ئیتر كاتی ئه‌وه هاتبوو ئه‌و خه‌ونه‌ی له ساڵی 1991ه‌وه به باشووری كوردستانییه‌وه ده‌بینی بیهێنێته دی و له‌و پێناوه‌دا داعش كه تازه له سووریاوه په‌ڕیبۆوه ناو خاكی عێراق و تا نزیك به‌غدا رۆیشتبوو، ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ولێر پێ گۆڕدرا و له میدیاكانی ئێران دا ده‌نگۆی هه‌ڵكردنی ئاڵای داعش له‌سه‌ر كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر بڵاو كرایه‌وه.
پێشڕه‌وییه‌كانی داعش به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان تا مه‌خموور هات و به فه‌رمانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان به هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له نزیك مه‌خموور بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌و هێزه دڕنده‌یه‌ی تێك‌شكاند و ئه‌وجاره‌شیان خه‌ونه‌كه‌ی تاران نه‌هاته دی.
پیلانی گۆڕینی ئاراسته‌ی داعش به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هێرشێكی پێچه‌وانه به زیانی تاران شكایه‌وه و جارێكی تر حه‌ماسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خوڵقاند و پۆل به پۆل گه‌نجانی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه به‌ره‌و باشووری كوردستان به‌ڕێ كه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌وه بكه‌ن بۆ پاراستنی كوردستان به‌رانبه‌ر تیرۆریستانی داعش.
مۆته‌كه‌كه‌ی ئێران له رۆژی 25ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 هاته دی، ئه‌و رووداوه‌ی له سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌وه، دره‌نگانی شه‌و تارانی له خه‌و رادهچڵهكاند بوو به ئه‌مری واقع و به فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یه‌نرا، ئه‌وه وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو كه هه‌موو دنیای به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كرد، مافی كورد بوو به سه‌ردێڕی گرنگترین میدیاكانی جیهان و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌و پرسه گه‌رم بوون.
تاران دوای هه‌وڵدانێكی زۆری ته‌ناهی و دیپلۆماسیی له به چۆك داهێنانی هه‌ولێر بێ هیوا بوو
رژێمی ئێران چه‌ندان جار له رێی به‌غدا و راسته‌وخۆ به ده‌یان فۆڕم و شێواز و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیش هه‌وڵی دا كورد له‌و بڕیاره‌ی پاشگه‌ز بكاته‌وه، به‌ڵام ئیتر هیچ دادی نه‌ده‌دا و كاروانه‌كه به‌ڕێ كه‌وتبوو و تازه تاران له قافڵه‌كه به‌جێ مابوو، كورد ئه‌و رۆژه مێژووییه‌ی تۆمار كرد و 93٪ی دانیشتووانی باشووری كوردستان به به‌ڵێ ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆیی دا.
جارێكی تر شه‌قامه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به جلی ئاڵ و واڵی كوردییه‌وه خرۆشایه‌وه و وه‌ك ده‌ربڕینی پشتیوانی و نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمانی یه‌كبوون و یه‌ك نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رجه‌م شه‌قامه‌كانی مهاباد و سنه و كرماشان و ئیلام شیرینییان به‌سه‌ر یه‌كتر دا دابه‌ش كرد.
ئه‌گه‌رچی كابینه‌ی دۆناڵد تره‌مپ پشتیوانی له ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌كرد، به‌ڵام دژایه‌تی خۆشیان به‌رانبه‌ر ئه‌و مافه سه‌ره‌تایی و دیموكراسییه پێشان نه‌دا، له كۆشكی سپییه‌وه دۆستێكی له‌مێژینه‌ی كورد كه له سه‌ره‌تای كاری سیاسییه‌وه وه‌ك ئه‌ندامی كۆنگرێس پاڵپشتی له دۆزی كورد ده‌كرد، پێوه‌ندی به سه‌رۆك بارزانییه‌وه گرت و به رسته‌یه‌ك عه‌رشی تارانی له‌رزاند.
"جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی: من و تۆ له ته‌مه‌نی خۆمان سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بینین"
رۆژی 20ی كانوونی دووه‌م ئه‌و دۆسته دێرینه‌ی كورد وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتی كۆشكی سپی گرته ده‌سته‌وه، ئه‌و رسته‌یه‌ی جۆ بایدن كه ئه‌وكات شه‌قامی كوردی به ساده‌یی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی، ئێسته تارانی شڵه‌ژاندووه و ته‌نانه‌ت نزیكترین میدیاكانی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران نووسیویانه:
"سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی كوردستان له عێراق، ئه‌وه ده‌سته پۆڵاییهكهی دیموكراته‌كانه كه له‌ژێر ده‌سته‌وانه نه‌رم و ئاوریشمییهكهی خه‌نجه‌رێكی گرووهته ده‌سته‌وه له‌وه‌ی تره‌مپ تیژتر و كاریگه‌رتره".
ئێران به روونی ئه‌وه ده‌زانێت سه‌رۆك بارزانی له كوردستان مه‌رجه‌ع و ره‌مزی نه‌ته‌وه‌ییه، بۆیه نووكی رمبهكهی به‌ره‌و ئه‌و مه‌رجه‌عه راگرتووه و ده‌سته‌وه‌ستان ته‌نیا رێگه‌یه‌ك كه بۆی ماوه‌ته‌وه، لێدانه له كه‌سایه‌تی ئه‌و كاریزمایه‌ی یه‌كه‌م ستارتی سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌كه‌ی له باشووری كوردستان لێدا و هه‌راسانه له‌وه‌ی چیتر ناتوانێ ئه‌و قافڵه‌یه بوه‌ستێنێ.