"حکوومەتی هەرێم دەیەوێت 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات و دژایەتیی دەکرێ"

:: AM:11:27:24/01/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەنگاوێكی بۆ ڕێككەوتن ناوە، دەیەوێت بە چاكسازی 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات، بەڵام لە ناوخۆ و دەرەوەش دژایەتیی دەکرێ.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی كانوونی دووەم، سەعید هەركی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەنگاوێكی ناوە بۆ ڕێككەوتن، بەڵام عێراق نایەوێت هەنگاوی كردەیی بنێت.

دەبێت لە چاكسازی بەردەوام بین
زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان بە چاكسازی دەیەوێت 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات، دژایەتی بۆ چاكسازی لەناوخۆ و دەرەوەش هەیە، هەموو وڵاتانی دەوروبەری دوژمنن و ئەگەر هەرچەندە دژایەتییەكانیش زۆر بن، دەبێت لە چاكسازی بەردەوام بین.

باسی لەوەش كرد، پێویستە لەناو هەرێمی كوردستان داهاتەكان ڕێكبخرێنەوە و ئەگەر لەگەڵ عێراقیش ڕێكبكەوین، دەبێت ڕێكخستنەوەی داهات و چاكسازی بەردەوامی پێ بدەین.

ئێستە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامییان هەیە و هەنگاوەكانی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ بەردەوامە، بڕیاریشە هەر 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكرێت.




وشە - رامیار جەواد