رووسیا لە ئێران وێستگەیەكی ناوكیی دادەمەزرێنێت

:: PM:03:12:24/01/2021 ‌
رووسیا لەگەڵ ئێران رێككەوتنێكی لە بواری بەرهەمهێنانی وزەدا واژوو كرد و بەرهەمهێنانی ئەو وزەیەش پشت بە وێستگەی ناوكیی دەبەستێت.

هادی بێگینەژاد ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی ئێران ئاشكرای كرد، ئێران لەگەڵ رووسیا رێككەوتنێكی نوێی بۆ دامەزراندنی یەكەیەكی تری وێستگەی ناوكیی بووشەهر واژوو كردووە، پێویستە لە ماوەی هەشت تا 10 ساڵ تەواو بكرێت.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، شوێنی دامەزراندنی وێستگەكە دەستنیشان كراوە، ئامانجەكە ئەوەیە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە ئێران بەرز بكرێتەوە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، لە ئێران 58 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و پشكی وێستگەی بووشەهریش لەو بەرهەمهێنانە هەزار مێگاواتە. 

پەرلەمانتارەكە داوای لە حكوومەت كردووە هەرچی زووە بودجەی پێویست دابین  بكات تا یەكەی سێیەمی وێستگەكەش بەگەڕ بخرێت.

دەیتوانی دوو هەزار و 100 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت.


كۆمپانیای رۆسئەتۆمی رووسیا، لە ساڵی 2016 دەستی بە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی دوو یەكەی بەرهەمهێنانی وزە لە هەمان وێستگە كردبوو كە دەیتوانی دوو هەزار و 100 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت.

بە پێی ئەو رێككەوتنە نوێیەی ئێران لەگەڵ كۆمپانیاكە واژووی كردووە، یەكەی دووەم و سێیەمی وێستگەكە لە ساڵەكانی 2024 و 2026 دەست بە بەرهەمهێنان دەكەن. وێستگەكە كەوتووەتە نزیك بووشەهر لە باشووری رۆژئاوای ئێران  .



وشە - سلێمان تاشان