ئەڵمانیا دەرمانێکی گرانبەهای کۆرۆنای لە ئەمەریکا کڕی

:: PM:04:33:24/01/2021 ‌
ئەڵمانیا وەک یەکەم وڵاتی یەکێتی ئەوروپا دەرمانێکی چارەسەری کۆرۆنای لە ئەمەریکا کڕی کە نرخەکەی دوو هەزار یۆرۆیە و هەمان ئەو دەرمانەیە بۆ چارەسەری دۆناڵد ترەمپ بەکار هات.

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا گوتوویەتی حکوومەت 200 هەزار ژەمی ئەو دەرمانەی بە بەهای 400 ملیۆن یۆرۆ کڕیوە. ئەو دەرمانە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ چارەسەری ترەمپ بەکار هێنرابوو کە لە کۆمەڵێک دژە تەن پێکهاتووە.

ئەگەر کەسێک لە قۆناغی یەکەمی تووشبوون بە کۆرۆنا بێت و ئەو دەرمانە بەکار بهێنێت ئەوا بە قورسی تووشی ڤایرۆسەکە نابێت
 

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئەڵمانیا ئەگەر کەسێک لە قۆناغی یەکەمی تووشبوون بە کۆرۆنا بێت و ئەو دەرمانە بەکار بهێنێت ئەوا بە قورسی تووشی ڤایرۆسەکە نابێت و لەو کاتەشدا لە مردن رزگاری دەبێت.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز هەر چەندە ئەو راستەوخۆ ئاماژەی بە ناوی دەرمانەکە نەکردووە بەڵام پێویست بگوترێت دەرمانەکەی ترەمپ بە reng-cov2 ناسرابوو و لە لایەن کۆمپانیای دەرمانسازی regeneron بەرهەم هاتبوو.

ئەو هەنگاوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە وڵاتانی ئەوروپا لەسەر سستبوونی گەیشتنی پێکوتەی کۆرۆنا لە لایەن کۆمپانیاکانی تر گلەیی وگازەندەیان پێشکەش کردووە و دەخوازن هەر چی زووە رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بگرن و ئاماری قوربانییەکان دابەزێنن.



وشە - سلێمان تاشان