عێراق.. هەندێك لە لیستە شیعەكان دەیانەوێ لە دەرەوەی حكوومەت گفتوگۆ لەگەڵ كورد بكەن

:: PM:08:37:24/01/2021 ‌
 
ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكات كە كورد لەگەڵ رێككەوتنی یاسایی و سیاسیدایە لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد كە هەندێك حزب و لیستی شیعە دەیانەوێ بەناوی سازانی سیاسییەوە دژایەتی مستەفا كازمی بكەن.

 دیاری بەرواری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، وەك پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، بەتایبەتی لە فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی، لەگەڵ ئەوەداین  حكوومەت لە هەرێمی كوردستان یان لە عێراق بێت، خاوەن بڕیار و دەسەڵاتی خۆی بێت وەك دامەزاوەیەكی یاسایی خاوەن بڕیار، بەڵام لەراستیدا هەندێك لیست و لایەنی شیعەی نزیك لە ئێران، هاوشێوەی كورد بیر ناكەنەوە.
شیعەی نزیك لە ئێران هاوشێوەی كورد بیر ناكەنەوە
 زیاتر گوتی، بەهۆی دژایەتییەكانیان بەرانبەر بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كار بۆ ئەوە دەكەن خۆیان وەك لیست و حزبی شیعی لەدەرەوەی حكوومەت راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ كورددا بكەن بەناوی سازانی سیاسییەوە، هەرچەند هەر رێككەوتن و بڕیارێك بدرێت، دواتر پێوەستە بەهەردوو حكوومەتەوە كاری لەسەر بكات و هەنگاوی بۆ بنێت.

 بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە سازانی سیاسی ئەوەیە شاندی حكوومەت رەنگدانەوەی لایەنەكانی پێكهێنەری حكوومەت بێت، نەك لایەن و لیستی سیاسی وەك حكوومەت وای پێشان دا ئامادەی رێككەوتن بێت، وەك ئەوەی لیستە شیعەكانی نزیك لە ئێران كاری بۆ دەكەن بەهۆی دژایەتیكردنی كازمی.

 ماوەی دوو رۆژە پەرلەمانتار و بەپرسانی لیست و حزبە شیعەكانی ناَو پەرلەمان عێراق، بە ئەجێندایەكی روون باس لەوە دەكەن بۆ سازانی سیاسی ئامادەن لەگەڵ لایەنی كوردی راوێژ بكەن.

 مەنال موتەلیب، كە لیستەكەیان لەگەڵ لیستی "فەتح"، سازانی سیاسی هەیە و یەكیان گرتووە، بۆ"وشە" وای پێشان دا سازانی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمان و حكوومەت، تەكان بە رێككەوتنەكان دەدات و لەیەكگەیشتنی زیاتر دروست دەبێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل