نۆ پەنابەری عێراقی دەستدرێژی دەكەنە سەر ئافرەتێكی ئەڵمانی

:: AM:11:14:24/02/2017 ‌

دەسەڵاتدارانی تەناهی لە نەمسا، بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتێكی ئەڵمانی، نۆ لەو عێراقییانەیان گرت كە داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە كرد بوو.

لە شەوی سەری ساڵدا، لە ڤیێنای پایتەختی نەمسا، نۆ عێراقی دەستدرێژی سێكسییان كردووەتە سەر ئافرەتێكی تەمەن 28 ساڵانی ئەڵمانی.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، لە كاتێكدا ئێستە باسوخواسی تاوانی پەنابەران لە ئارادایە، كاردانەوە و لێكەوتەی زۆری میدیایی و سیاسی دەبێ.

بەشێك لە كۆچبەرانی وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆمەتی جۆراوجۆری كاری نایاسایی و تایبەت لە بارەی دەستدرێژی سێكسییەوە، دراوەتە پاڵ.

ئەوە لە كاتێكدایە لە شەوی سەری ساڵدا لە شاری كۆلۆنیای ئەڵمانیا، لە شەوی سەری ساڵدا، سەدان ئافرەت، پۆلیسیان ئاگەدار كردەوە كە لەسەر دەستی گرووپێكی پیاوان، رووبەرووی گێچەڵ و دەستدرێژی سێسكی و دزی لێكردن بوونەتەوە.

پارتی ئازادی ڕاستڕەوی توندڕۆ، ئەم حاڵەتانەی قۆستووەتەوە كە كۆچبەران دەیكەن، تا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەك چەكێك بۆ سەركەوتن، بەكاری بهێنیت، كە لە 2ـی تشیرینی یەكەمی ئەمساڵ، ئەنجام دەدرێت.

ئەو عێراقییانەی گیراون، تەمەنیان لە نێوان 21 و 47 ساڵاندایە، كە لە ڤیێنا و دوو هەرێمی تری ئەو وڵاتە بوون و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەستبەسەر كراون، بەڵام ئەوان رەتیان كردووەتەوە كە هیچ تاوانێكیان ئەنجام دابێت، لە كاتێكدا ئەوان تۆمەتی دەستدرێژی سێسكییان بۆ سەر ئافرەتێك دراوەتە پاڵ، لەو كاتەی ژنه‌كه‌ ویستوویەتی لە شوقەیەكی ئەو شارە سەردانی خانمە هاوڕێیەكی بكات، كە لەو شوقەیەدا، دووان لەو عێراقییانەیش نیشتەجێ بوون.

پۆلیس رایگەیاندووە، مەستی ئەو ئافرەتە، لەوانەیە رێخۆشكەر بووبێت بۆ ئەو كارە. هەر وەك پۆلیس بڵاوی كردووەتەوە، ئافرەتە ئەڵمانییەكە بیری نەماوە كە لەو كاتەدا چی رووی داوە،  كە لە نێوان 2 بۆ 6ـی بەیانی بووە.

بۆ زانین، ئەو نۆ عێراقییە، هەموویان داوای مافی پەنابەرییان كردووە و بەشێكیان مافەكەیان پێ دراوە.



وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د