هۆكاری كارا نەكردنی ژوورە هاوبەشەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:41:24/01/2021 ‌

لە ماوەی رابردوودا و دوای چەند گەڕێكی گفتوگۆی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە، بڕیار لەسەر دامەزراندنی چەند ژوورێكی هاوبەشی تەناهی بۆ ناوچەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و عێراق و ناوچە كێشەلەسەرەكان درا، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە هۆكاری كارا نەكردنی ئەو ژوورانە ئاشكرا دەكات.
داعش بووتە مەترسی بۆ سەر هەموو عێراق
لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپراسیۆنەكان ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، چەندانجار وریاییمان دا بەوەی رێكخراوی داعش تا ئێستە كۆتایی نەهاتووە و لە ماوەی دواییشدا جموجۆڵەكانی زیادی كردووە و سوودی لەو بۆشاییە تەناهییە وەرگرتووە لە كەركووك و ناوچەكانیتری كێشەلەسەر هەیە، بۆیە جموجۆڵ دەكات و لە چەند پارێزگایەكی عێراق هێرش دەكات. 

زیاتر گوتی، رێككەوتن هەیە بۆ پێكهێنانی چوار ژووری هاوبەشی هاوئاهەنگی تەناهی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام لەبەر هۆكاری سیاسی تا ئێستە ئەو ژوورانە كارا نەكراون، لەوكاتەی پێویستە پاراستنی ئاسایشی شارەكان گرنگی لەپێشینە بێ و دەبێت لەو كاتەدا پەلە  لە پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی و زیادكردنی هاوئاهەنگی و كاراكردنی ژوورەكانی هاوبەشی تەناهی بكرێت، بە مەبەستی ئالوگۆڕكردنی زانیاری، چونكە داعش بووتە مەترسی بۆ سەر هەموو شارەكانی عێراق. 

هەفتەی رابردوو عەمید عیرفان حەمەخان، فەرماندەی گەرمیانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رای گەیاندبوو كە ناشارەزایی هێزەكانی عێراق لە ناوچەكە كێشەلەسەرەكان وای كردووە نەتوانێت رووبەڕووی پلانەكانی داعش ببێتەوە و بەناویان ببات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل