ژمارەی درۆ و لێدوانە ناڕاستەكانی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، بە 30 هەزار و 573 خەمڵێنراوە و ئەو درۆیانەش جگە لە ئەمەریكا، زیانی بە ترەمپ خۆیشی گەیاندووە.
دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، ئەوەی دەرخست لەبارەی ئامار و زانیارییەكان روانگەیەكی تایبەتی هەیە.
واشنتن پۆست بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك، وێڕای خستنەڕووی ئاماری درۆكانی ترەمپ گوتوویەتی، بەشێك لەو درۆیانە بە نووسراو و بەشێكی تریش بە دەنگ بڵاو بوونەتەوە.
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، رۆژنامەی شپیگڵ ئۆنلاینیش ئاماژەی بەوە كردووە، ترەمپ لە ماوەی دەسەڵاتیدا درۆ لە دوای درۆی كردووە و درۆكەشی لە پێشوازی بێوێنەی خەڵك لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی لە سەرەتای ساڵی 2017 دەست پێ دەكات و بە باسكردن لە ساختەكاری هەڵبژاردن كۆتایی پێ دێت.
بە تێكڕا ترەمپ رۆژانە شەش درۆی بۆ میدیاكان كردووە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست، تەنانەت بەشێكی تایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی درۆكان دامەزراندووە و باسی لەوە كردووە، بە تێكڕا ترەمپ رۆژانە شەش درۆی بۆ میدیاكان كردووە.
دەگوترێ تەنیا لەو شەش رۆژەدا كە ترەمپ نەخۆش بووە، خۆی لە درۆكردن پاراستووە و دوای ئەوەی چاك بووەتەوە، دیسان دەستی بە درۆكردن كردووەتەوە. هەندێك رۆژ هەبووە 150 درۆی كردووە.