لەبارەی ژمارە تەلەفۆنێكەوە هۆشداری دەدرێت

:: AM:08:59:26/01/2021 ‌
بەڕێوەبەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی ئامێری پێوەندیكردن، لە بارەی جۆرە پێوەندییەك بۆ هاووڵاتییان هۆشداری دەدات و ڕای دەگەیەنێت، ئەو جۆرە پێوەندییە داوای پارە و حەواڵە دەكات، ئەو پێوەندییانە ساختەن.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی كانوونی دووەم، سەردەشت عەزیز بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای سمارت هاند لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، ماوەی چەند ڕۆژێكە دیاردەیەك لە كوردستان پەیدا بووە كە خەڵك پێوەندی تەلەفۆنیان بۆ دەچێت، ژمارەی كەسێكی ناسراوی خۆی لەسەر مۆبایلەكەی پێشان دەدات، كەسەكە داوای پارە یان حەواڵە و شتی لەو جۆرانە دەكات، راستییەكەی ئەم جۆرە پێوەندییانە جۆرێكە لە هەڵخەڵەتاندن و فریودان، خاوەنی ئەو ژمارەیەی كە لەسەر شاشەكەت دەرچووە ئاگای لە هیچ نییە.

ئەم پێوەندییانە لەڕێی بەرنامەی تایبەتەوە دەبێت كە بەئاسانی لەئینتەرنێت دەست ناكەون
لەبارەی ئەمجۆرە پێوەندییە چۆن دەكرێت؟ سەردەشت ڕوونی دەكاتەوە، ئەم پێوەندییانە لەڕێی بەرنامەی تایبەتەوە دەبێت كە بەئاسانی لەئینتەرنێت دەست ناكەون و بە پارەشن، هەندێك بەفری و بەئاشكرا هەن، بەڵام سەركەوتوو نین یەكێك لەو بەرنامانە كە كۆمپانیای سمارت هاند شیكاری لەسەر كردووە، بەرنامەكە لەدوو خانە پێكهاتووە، یەكیان ژمارەی ئەو كەسەیە كە پێوەندی پێوە دەكەیت و ئەوی تر ئەو ژمارەیەیە كە دەتەوێت لەسەر مۆبایلەكەی دەربكەوێت، لە هەندێك لەو بەرنامانە دەشتوانی دەنگی خۆشت بگۆڕیت.

باسی لەوەش كردووە، ئەو بەرنامەیە ناوێكی تایبەتی هەیە و دەتوانی لەڕێی پارەدانی ئۆنلاینەوە باڵانس بكڕیت كە سێ جۆری هەیە، 22 خاڵ، 60 خاڵ، 135 خاڵی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم بەرنامانە بۆ كاری خراپ بەكار دێن، هیچ ناو و لینكێكی ئەم جۆرە بەرنامانە بڵاو ناكەمەوە.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە پێویستە كۆمپانیاكانی مۆبایل كاری رژد لەسەر ئەم كەلێنە بكەن و لە سەرچاوەی خۆیانەوە ئەم جۆرە پێوەندییانە بلۆك بكەن.



وشە - رامیار جەواد