وەزیری دارایی بڕیاری خەرجكردنی مووچەی بۆ كەمئەندامان دەركرد

:: AM:09:04:26/01/2021 ‌
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری خەرجكردنی مووچەی كەمئەندامانی هاوشێوەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2021 دەركرد.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی كانوونی دووەم، بەپێی نووسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیاری خەرجكردنی مووچەی كەمئەندامانی دەركردووە كە هاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی مووچەكەیان بۆ مانگی یەكی ساڵی 2021 دەبێت.

لە نووسراوەكەدا ڕازیبوون كراوە بە خەرجكردنی بڕی 12 ملیار و 656 ملیۆن و 350 هەزار دینار بۆ كەمئەندامانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان.

ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی لە كاتێكدایە، پێشتر ڕێكخراوەكانی تایبەت بە كەمئەندامان لەبارەی دابەشكردنی مووچەكانیان، شێواز و دابەشكردنی مووچەكانیان نەدەزانی و داوای ڕوونكردنەوەیان دەكرد.

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 100 هەزار كەمئەندام هەیە، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە كە مووچەكانیان لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دینارە.



وشە - رامیار جەواد