هەولێر و بەغدا لە ڕێككەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە

:: PM:01:42:26/01/2021 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، هەولێر و بەغدا لە ڕێككوتنی كۆتایی لەگەڵ لیژنەی دارایی نزیك بوونەتەوە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەموو شتێك یەكلا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی كانوونی یەكەم، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكان لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لێك نزیكبوونەوەی زۆر باش هەیە.

شاندی هەرێمی كوردستان بەرپرسانە مامەڵە دەكەن و هەموو ئامادەیی خۆیان دەربڕی

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و لیژنەی دارایی، سەرجەم داتا و زانیارییەكانی پێوەست بەدۆسیەی نەوت و داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێم باس كراوە و لێك تێگەیشتن هەیە.

باسی لەوەش كرد، شاندی هەرێمی كوردستان بەرپرسانە مامەڵە دەكەن و هەموو ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ دروستكردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەری كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی.

باسی لەوەش كرد، ئەو پێشنیازانەی حكوومەتی فیدراڵ پێوەست بەپشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا پێشكەشی كردوون، هەرێمی كوردستان بە شیانی گفتوگۆی زانیوە.

ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە ئەگەری پەسەندكردنی لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا پەسەند دەكرێت.




وشە - رامیار جەواد