چۆن منداڵی هاروهاچ هێور ده‌كه‌یته‌وه‌؟

:: PM:01:40:24/02/2017 ‌

هەندێك منداڵ بزێو و جووڵەی زیاترە لە هەندێكی تر، وەك چۆن ئەو منداڵانەی شەرمن و ترسنۆكن، پێویستە رێونوێنی تایبەتیان لەگەڵدا بەكار بهێنی تا ئاسایی دەبنەوە، منداڵە هارەكانیش بە هەمان شێوە، پێویستی بە رێنوێنی تایبەت هەیە.

پسپۆڕانی بواری پەروەردەی منداڵ بەپێی توێژینەوەی چەند ساڵەی خۆیان، ئاماژە بەوە دەكەن كە پێویستە بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ ئەو منداڵانەدا بكرێ:
- گفتوگۆیەكی هێمنانە: بەردەوام باوكان، پرسیار دەكەن چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵێكی توندوتیژ و هاروهاجدا بكەن، بەڵام لەراستیدا ئەو پرسیارە وەڵامەكەی لەلایەن خودی باوكان و دایكانەوەیە، ئەگەر بێت و دایك و باوك لە ماڵەوە توانییان گفتوگۆیەكی هێمنانە بكەن لەگەڵ منداڵەكانیان، كاریگەرییەكی زۆر لەسەر رەفتاری ئەو منداڵە دەبێت، چونكە منداڵەكان ئاوێنەی گەورەكانن، بەواتایەكی تر گەورەكان چی بكەن، ئەوانیش چاو لەوان دەكەن.

- رێزگرتن: زۆرجار بینیومانە، منداڵان بێ رێزی بەرامبەر گەورەكان دەكەن، بەجۆرێك رەفتار و قسەی نەشیاو لەگەڵ چواردەوری خۆیدا بەكار دەهێنێت، ئەمەش هەمووی لە ئەنجامی ئەوەیە كە دایك و باوك خۆیان رێزی منداڵەكانیان نەگرتووە، جا بۆیە كەسێكی بێ رێز دەرچووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم حاڵەتەش، پێویستە لەسەر دایك و باوكان، رێز لە منداڵەكانیان بگرن و بە هەڵسوكەوتێكی نەرم مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، چونكە هەر هەڵسوكەوتێكی نەشیاو كاریگەری لەسەر منداڵەكە دەبێت و هەمان سینارۆی دایك و باوكی بۆ كەسانی تری دەوروبەری دووبارە دەكاتەوە.

- چاودێریكردنی ژینگەی منداڵ: زۆرێك لە منداڵان بەهۆی خراپیی ئەو ژینگەیەی تێیدا پەروەردە دەبن، كاریگەری لەسەر هەڵسوكەوت و رەفتاریان دەكات، بۆ نموونە، سەیركردنی فیلمە توندوتیژەكان، یاخود هاوڕێیەتیكردنی كەسانێكی توندوتیژ، ئەمانە هەمووی وا دەكات منداڵێكی توندوتیژ بەرهەم بهێنێت.

لەسەر دایك و باوكان پێویستە چاودێری منداڵەكانیان بكەن، بزانن كە سەیری چ جۆرە فیلمێك دەكەن، یاخود هاوڕێتی كێ دەكەن، رۆژانە بە چ شتێكەوە سەرقاڵ دەبێت، یاخود دەتوانرێ، كاتە بەتاڵەكانی بەچەند شتێكی سوودبەخش بۆ پڕ بكرێتەوە.

- خۆشەویستی و هاوڕێیەتی: پێویستە لەسەر دایك و باوكان، خۆشەویستیی خۆیان بۆ منداڵەكانیان دەربڕن و خۆیانیان لێ نزیك بكەنەوە و وەك هاوڕێ  بەیەكەوە هەڵسوكەوت بكەن، ئەم جۆرە كردارە وا دەكات ئەو منداڵە توێی خۆشەویستیی تێدا بڕوێت و زیاتر متمانەی بەخۆی هەبێت.

سه‌رچاوه‌/ سه‌یده‌تی


وشە - وشه‌